وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕوونکردنەوە
لەسەر "هەواڵێکی سپی میدیا" دەدات

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەواڵێکی سپی میدیا ڕەتدەکاتەوە لەسەر ڕێککەوتنی نهێنی نێوان یەکێتی و پارتی، ڕایگەیاند سه‌رله‌به‌ری ئه‌م هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌و زانیارییه‌كانیشی بۆ چه‌واشه‌كردنی خوێنه‌رانه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هاتووە "رۆژی 5/8/2017 ماڵپه‌ری "سپی میدیا" هه‌واڵێكی داتاشراوی بڵاوكردۆته‌وه‌، گوایه‌ له‌دوایین كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دا، باسی رێكه‌وتنی نهێنی یه‌كێتیو پارتی كراوه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی حكومه‌ت،سه‌رله‌به‌ری ئه‌م هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌و زانیارییه‌كانیشی بۆ چه‌واشه‌كردنی خوێنه‌رانه‌. هه‌وڵدانیشه‌ بۆ كرمیی كردنی ژینگه‌ی كۆبونه‌وه‌كان، كه‌ له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئاسایی خۆیان به‌رێوه‌ده‌چن."

ڕاشیگەیاندووە "بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌مجۆره‌ هه‌واڵه‌ داتاشراو و مه‌به‌ستدارانه‌، جگه‌له‌وه‌ی ده‌رچوونه‌ له‌ڕه‌وشتی كاری رۆژنامه‌وانی و چه‌واشه‌كردنی رای گشتی یه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا هیچ خزمه‌تێك به‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ناكات".

پێشتر سپی بڵاویکردبووەوە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 5ی ئەم مانگەدا کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بەڕێوەچوو مەلا بەختیار رێککەوتنی نهێنی خۆیان و پارتی ئاشکرا کردووە
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەو کۆبوونەوەیەدا مەلا بەختیار لەو کۆبوونەوەیەدا بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ پارتیدا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان رێککەوتن و چیتر چاوەرێی گۆڕان و کۆمەڵ ناکەن، ئەوان لەگەڵ پارتی لە ١٠ ئابەوە کاربۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن و تا ١٣ ی ئاب پەرلەمان کارا دەکەنەوەو لەسەر کۆی پرسەکانی حکومەت و ریفراندۆم و سەرۆکایەتی هەرێم رێککەوتوون.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و قادر حەمەجان و عومەر فەتاح و بافڵ تاڵەبانی و سەعدی پیرەو ئەرسەلان بایز لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدان. (هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئامادەی کۆبوونەوە نەبووە، بەلآم بەپێی هەندێک زانیاری رای وەک بافڵ تاڵەبانییە).

لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە قادر عەزیز و رەفعەت عەبدولآ و رزگار عەلی و شۆڕش ئیسماعیل دژی ئەو رێککەوتنەن، لە کۆبوونەوەکەشدا بە مەلا بەختیاریان راگەیاندووە کە ئێمەو زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتی دژی ئەو رێککەوتنەین.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، لە وەلآمدا مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تا دوو مانگی تر سەرکردایەتی یەکێتی کۆناکەنەوەو بڕیاری خۆیان دەدەن.

بەپێی رێککەوتنەکە ئەگەر گۆڕان و یەکێتی نەچن بدەنگ کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە، ئەو دەمە پارتی ویەکێتی پەرلەمان کارا دەکەوەنەوەو سەرۆکەکەی دەردرێت بە یەکگرتووی ئیسلامی، سەرۆکی حکومەتیش دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمیش درێژ دەکرێتەوەو هەڵبژاردنیش لەکاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت، پرسی ریفرامدۆمیش لە پەرلەمان یاسای بۆ دەردەکرێت. لە کابینەی حکومەتی هەرێم ٧ وەزارەت دەدرێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.



AM:11:21:07/08/2017