هەفتەنامەیەکی نزیک یەکێتی زانیاریەکانی " سپی " پشتڕاستدەکاتەوە

بەپێچەوانەوەی ئەو روونکردنەوەیەی سەعدی پیرە لەسەر هەواڵێکی سپی بڵاویکردۆتەوە، رۆژنامەی چاودێر کە سەرنوسەرەکەی مەلا بەختیارە ئاشکرای دەکات " ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشێ، بە دوور نازاندرێت کە پەرلەمان بەبێ گۆڕان کارا بکرێتەوە".   

ئەمڕۆ دووشەممە 7/8/2017، هەفتەنامەی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە هەواڵی سەرەکی خۆیدا 
بڵاویکردۆتەوە "بە دوور نازاندرێت کە پەرلەمان بەبێ گۆڕان کارا بکرێتەوە".

ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە لە میانی سەردانی شاندی یەکێتی بۆ مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی دەست بەکار بوونی ڕێکخەری نوێی گشتیی بزووتنەوەکە، هەروەها لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕانیشدا، بزووتنەوەکەیان لە هەوڵەکانی یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە دوو هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا ئاگادار کردووەتەوە.
 
هەمان هەفتەنامە لەو مانشێتەیدا لە زاری چاودێرێکی سیاسییەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتێکدا کە هەوڵەکانی لایەنەکان و یەکێتی لە تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان لایەنەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان ”ئەنجامی باشی هەبووە"، بە ئاشکرا دیارە کە بزووتنەوەی گۆڕان ”نایەتە ژێر بار و یاری بە کات دەکات و تەنانەت لە داواکانی خۆشی هەڵگەڕاوەتەوە کە پێشتر جەختی لە کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی کوردستان دەکردەوە، ئەوەش لە زیانی دۆخەکە و خودی هاووڵاتییان دایە".

سەعدی ئەحمەد پیرە کە روونکردنەوەی لەسەر ماڵپەڕی ( سپی ) بڵاوکردۆتەوە، پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەدەنگەوەهاتنی نەبێت، ئەوا ”دەبێ چارەیەک لە پەرلەمان بکرێ".

لەم لینکەوە هەواڵەکە سپی بخوێنەرەوە..




PM:12:18:07/08/2017