کەناڵەکانی پارتی و کەی ئێن ئێن و سپێدە و پەیام ڕیکلام بۆ "نەخیر لە ئێستادا" ناکەن

کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویکردووەتەوە کە بەشێک لە کەناڵەکان ئامادەنین ڕیکلام بۆ هەڵمەتی جووڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا بکەن.

ئەندامێکى جوڵانەوەى نەخێر کە لە هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تیدا ناوی نەهاتووە وتویەتی بەشێک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن کە پێکهاتوون لە کەناڵەکانى (پارتى، کەى ئێن ئێن، سپێدە، پەیام، ڕێگا، نێت تیڤى، کورد ماکس) ئامادە نین ڕیکلامى جوڵانەوەکەمان بڵاوبکەنەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە ئەو کەناڵانە وەک هەر ڕیکلامێکی دیکە لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەکانی نەخێر لەئێستادا پارە وەردەگرن، بەڵام ئامادە نین بڵاویبکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە جوڵانەوەى نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بە فەرمى ڕاگەیەندرا و ڕایانگەیاند "ئەم ریفراندۆمە نەك ھەر ھەنگاوێك نییە بە ئاراستەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆماریی دیموکرات و دادپەروەر بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەڵەیەکی مێژویی ترسناکە بە ئاراستەی لەبار بردنی ئەو ئامانجە و دابەشبون و پەرتبونی زیاتر".



PM:05:18:08/08/2017