عەلی حەمە ساڵح: شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتیمانی كۆدەبێتەوە

عەلی حەمە ساڵح ئاشكرایدەكات شەممەی داهاتوو جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە و وەڵامی پارتی دەدەنەوە وتیشی "لەگەڵ ئەوەداین كۆی پرسەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵك یگەڕێنرێتەوە پەرلەمان".

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند ئەگەر پەرلەمان بۆ هەندێك پرسی گرنگی وەك موچە و پرسەكانی دیكەی پەیوەست بە ژیانی خەڵك كارا بكرێتەوە پاڵپشتی دەكەین، بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ پرسی ڕیفراندۆم كارا بكرێتەوە لەگەڵیدا نین".

سەبارەت بە وتەكانی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی كە ڕایگەیاندبوو سیستمێكی جیاوازی موچە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە پەسەند دەكەن كە جیاوازبێت لەوەی بەغدا، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە هاوكات جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووریە لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند "ئەوە هەنگاوێكی باشە و پاڵپشتی لەوە دەكەین كۆی ئەو پرسانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە لەنێویشیاندا موچە و باج كە بە نایاسایی و بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەستكاری كراون بگەڕێنرێنەوە بۆ پەرلەمان و ڕێچكەی یاسایی خۆی وەربگرێت".

عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە وادەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی ڕایگەیاند "بڕیاری كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی لەلایەن جڤااتی نیشتیمانیەوە دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش جڤاتی نیشتیمانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو پرسە دەدات".

ماوەی دوو ساڵە بەهۆی پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە و ڕێگە نادرێت سەرۆكەكەی بگەڕێتەوە هەولێر، هەرچەندە بڕیارە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان پارتی و گۆِراندا بكرێت، بەڵام تا ئێستا وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی نێوانیان دیاری نەكراوە.



AM:10:24:09/08/2017