ژمارەیەك فەرمانبەری ئەوقاف پەیوەندیی بەداعشەوە دەكەن

ژمارەیەك فەرمانبەری‌ ئەوقافی كەركوك پەیوەندیی بەگروپی‌ تیرۆریستی‌ داعشەوە دەكەن، بەڕێوەبەرایەتی‌ ئەوقافیش ڕایدەگەیەنێت، "ناوی‌ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەمان دراوە بەهەواڵگری‌ و ئاسایش و پۆلیس بۆ ئەوەی‌ زانیاریان لەبارەوە كۆبكرێتەوە".


ئەمڕۆ 9ی‌ ئابی‌ 2017 لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەید ئەحمەد جەمیل مودەڕیس، بەڕێوەبەری ئەوقافی كەركوك ژمارەی‌ ئەو فەرمانبەرانەی‌ داعشی‌ ئاشكراكرد كە پەیوەندییان بەداعشەوە كردوە لەبارەی‌ پەیوەندیكردنی‌ مامۆستایانی‌ ئاینیشەوە ڕونكردنەوەی‌ ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەری ئەوقافی كەركوك وتی‌ "لەسێ ساڵی ڕابردودا هیچ مامۆستایەكی ئایینی سەر بەبەڕێوەبەرایەتییەكەمان پەیوەندی بەداعشەوە نەكردوە، بەڵام دوای داگیركردنی قەزای حەویجە، 90%ی فەرمانبەرانمان لەوێ‌ بەرە و كەركوك هەڵاتن و 10%شیان پەیوەندیان بەداعشەوە كرد".

زانیاری‌ لەبارەی‌ ژمارەیەك لەمزگەوتەكان ئاشكراكردو ڕایگەیاند، "بەداخەوە ژمارەیەك مزگەوت هەن، زانیاریمان هەیە وتاری توندڕەوییان تێدا دەوترێ و لەسەر ئەو بابەتەش سزای چەندین مامۆستامانداوە".

سەبارەت بەچارەسەری‌ ئەو كێشەیەش جەختیكردەوە، "لەمەودوا پێویستە كۆپی هەر وتارێكی ئایینی بۆ ئێمە بنێردرێت و لەئەگەری بونی بیری توندڕەوی، جگە لەسزادانی خودی مامۆستاكە، مزگەوتەكەش دادەخرێت".

ئەوەشی وت:"هەندێك گەڕەك لەدەرەوەی پلانی شارەوانیدان و زۆرترین مزگەوتیان تێدایە، مامۆستایانی ئایینی ئەو مزگەوتانەش بڕوانامەی سێی ناوەندیان نییە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایەو پێویستە مامۆستای ئایینی هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت".

سەبارەت بەپەیوەندیی ژمارەیەك لەفەرمانبەرانیان بەگروپی‌ تیرۆریستی‌ داعشەوە، مودەڕیس ئاشكرایكرد، "لەكۆی‌ 300 فەرمانبەری‌ سەر بەئەوقافی‌ كەركوك لەقەزای‌ حەویجە،  11یان پەیوەندیان بەتیرۆریستانی‌ داعشەوە كردوەو لەئێستاشدا ناوەكان بەئاسایش و پۆلیس و هەواڵگریی دراون و لەئەوقافیش دەركراون و پەیوەندییان بەئێمەوە نەماوە".



AM:11:29:09/08/2017