بەوێنە.. کێلی مەزاری شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان دەشکێنرێت

کێلی مەزاری شەهیدی قەڵەم، سەردەشت عوسمان لە ناحیەی شەمام لە گوندی گردعازەبان لە هەولێر شکێنراو تێکپێکدرا.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ ٩ ی ئاب لەکاتی سەردانی دایک و باوکی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان بۆ سەرگۆڕەکەی لە ناحیەی شەمامک گوندی گرد عازەبان، بۆیان ئاشکرا دەبێت کە کێلەکانی مەزاری ناوبراو شکێراوە.
 
بەشدار عوسمان، برای سەردەشت  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دەڵێت" زۆربەی رۆژانی پێنجشەممە دایک و باوکم سەردانی گڵکۆی سەردەشت دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی تر سەردەشتیان بەتیرۆرکراوی بینی، بەڵام ئەمجارە لە قاڵبی ئەوەی کێلی گۆڕەکەی شکێندرابوو".
 
بەشدار عوسمان، وتیشی: کێلە شکێندراوەکەی سەردەشت چاک ناکەینەوە، بۆ ئەوەی لەمێژوودا بزاندرێت سەردەشت نووسینەکانی ناشکێندرێن.
 
لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی" ئێمە تا ئێستا نازانین کێ ئەو کارەی کردووە،بەڵام کێلەکە چاک ناکەینەوە، بۆ ئەوەی بکەران بەدرێژایی مێژوو بە ڕووڕەشی بمێننەوە.

برایەكی سەردەشت عوسمان رایدەگەیەنێت، پاش حەوت ساڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەردەشت عوسمان دەترسن.
سەردەشت عوسمان لە هەولێر رفێنراو لە سەرەتای ئایاری ٢٠١٠ دا تەرمەکەی بەکوژراوی لە موسڵ دۆزرایەوەو تا ئێستا دادگاکان بکوژی راستەقینەی ئەو تاوانە نەدۆزراوەتەوە.



PM:10:06:09/08/2017