ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی وادەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان ئاشکرا دەکات

دوای کۆبوونەوەی ئه‌مڕۆی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کە تیایدا بڕیاردرا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی،  ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی لەو بارەیه‌وه‌ دەڵێت "بەو راسپاردەیە گەشبینین".


عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند"ڕاسپاردەی گۆڕان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی باش بوو و پێی گەشبینین و ئەوەی پارتی کردی زۆر نەرمی نواندبوو و زۆر هاتە پێشەوە، ئێمەش دەستپێشخەر نەبووین بۆ خراپبوونی دۆخەکە و خۆشحالین گۆڕانیش بەو شێوەیە هاتوەتە پێشەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕیفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەندیی بە حزبێکەوە نییە، بۆیە بە هەموو لایەکەوە دەتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەین و لەسەر بنەمای راسپاردەی ئەوانیش ئیتر ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە دەکریت".

هاوکات لەم بارەوە بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان،  ڕاگەیاند: "بڕیارەكەی ئەمڕۆی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەنگاوێكی زۆر باش و بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانین، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕوانی كۆبوونەوەكەی ئەوان بووین، تا دواتر لەگەڵیان كۆ ببینەوە".

ئەو سەركردەیەی پارتی ڕاشی گەیاند: "لەبەر ئەوەی گۆڕان داواكەی پارتی بۆ كۆبوونەوە لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان پەسەند كرد، ئەوا بەدڵنییایەوە لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێت بڵێین هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی نێوان پاتی و گۆڕان دەست پێ دەكات و دەست بە سەردانەكان دەكرێت.

ڕوونیشی كردەوە: "بزووتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەو حزبانەی كە خاوەنی جەماوەرە و دەنگێكی باشی هێناوە، بۆیە ناكرێت لە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خۆی داببڕێت، چونكە بابەتەكە تەنیا ڕیفراندۆم نییە، بەڵكوو دوای ڕیفراندۆم هەنگاوی گەورەتر دەست پێ دەكات كە كاركردنە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان.



PM:08:19:10/08/2017