چاودێر باس لە ”کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆڕان“ دەکرێت

رۆژنامەی چاودێر، کە نزیکە لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە راپۆرتێکدا باسی ”کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆڕان" دەکات.

لە راپۆرتەکەدا، کە مانشێتی ژمارەی رۆژی دووشەممە 14\8\2017یە، ”چاودێرێکی سیاسی" رایگەیاندووە، کە سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان ناچێتە ناو چوارچێوەی یەکڕیزیی نیشتمانییەوە.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای دوایین بەیاننامەی گۆڕان، کێشەکانی نێوان ئەو حزبە و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ”پارتی وەک مەرجی گۆڕان ناساندوویەتی"، بە چارەسەر نەکراوی دەمێننەوە.

رۆژنامەکە زانیاریی ئەوەی پێ گەیشتووە، کە ”پێدەچێت" پارتی و گۆڕان نەگەنە رێککەوتن و پەرلەمانی کوردستان ”بەبێ گۆڕان" کارا بکرێتەوە.

بەهۆی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لە دژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پارتی، کە لە کۆی 111 کورسیی پەرلەمانی، 38 کورسی هەیە، پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە.



AM:11:37:14/08/2017