لە هەولێر ژنێک بەهۆی دزیکرنەوە تەڵاق دەدرێت

ژنێکی خاوەن دوو منداڵ لە هەولێر، بەهۆی دزیکردنی بەردەوامی لە مێردەکەی و ئەو میوانانەشی کە هاتوونەتە ماڵیان، هەروەها خیانەتکردن لە مێردەکەی تەڵاق دەدرێت.


دوای تەڵاقدانیشی ماڵی باوکی ڕێگە نادەن منداڵەکانی بباتەوە بۆلای خۆی، ئێسته‌ منداڵەکانی ئەو ژنە هەر ماوەیە و لە شوێنێکن و باوکیان دەڵیت، دەیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام دایکی منداڵەکانی ڕێگە نادات.

ئاریان، ئەو ژنە تەمەن 26 ساڵەیە کە دانیشتوی شاری هەولێرە، ماوەی چەند مانگێکە لە مێردەکەی جیابووه‌تەوە، ئێستا لە ماڵی باوکی دەژی و منداڵەکانشی لە لای مێردەکەی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

شاسوار مێردی ئاریانە دەڵێ، ئابڕووی بردووم، چونكه‌ دزی لەو میوانانەی كردووه‌ کە چوونه‌ته‌ مالێان، دواتر بەوەشەوە نەوەستاوە، خیانەتیشی لێ کردووە و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پیاوی تردا کردووە، تاوەکو کارتی بۆ بنێرن و پارەی پێ بدەن.

ئەو کە ئێستا ناتوانێت لەبەر کارکردن چاودێری باشی منداڵەکانی بکات، دەیەوێ کوردستان جێ بهێڵیت و بچێتە دەرەوەی  وڵات، بەڵام دایکی منداڵەکانی ڕیگەی پێ نادات.

ماڵپەڕی "وشە" لەزاری خۆیەوە بەمجۆرە چیرۆکی شاسوار دەگێڕێتەوە:

ماوەی حەوت ساڵ لەگەڵ ئاریان ژن و مێرد بووین، من چونکە لە خێزانێکی قه‌ره‌باڵغدا پەروەردە نەبووم و دوور بووم لە نازی دایکم، هەمیشە ڕێزم لە ئاریان دەگرت و هەوڵم دەدا زۆر باش بم، تا ئەو ببێته‌ دایکێکی باش بۆ منداڵەکان و ژنێکی باشیش بێت بۆ من، بەڵام ئەوەم بەدی نەکرد.

ئەو باس لەوەش دەکات كه‌  دوو کاری کردووە تا بژێوییه‌كی بێ کەموکوڕییان بۆ دابین بکات، هەمیشەش زۆرترین پارەی خستووه‌تە بەردەستی ئاریان، بەڵام ژنەکەی لە سەرووی ئەوەشەوە پارەی لەو بە دزی و بە ئاشکرا بردووە.

شاسوار ئاماژە بەوە دەکات، زۆرجار هەستی کردووە و بە ناڕاستەو خۆ بە ئاریانی وتووە، بەڵام ئەو نکۆڵی کردووە و پێی وتووە " ئەو پارەی زۆری پێیەو پێویستی بەوە نیە پارەی ئەو دەستکاری بکات" ، ئەم کارەی ژنەکەی لە گیرفانی شاسوارەوە دەپەڕیتە جانتاو گیرفانی میوانەکانیان.

نایشارێتەوە، چەند جارێک میوانەکانیان کە مانەتەوە لە ماڵمان پێیان وتووە پارەیان دیار نەماوە، ئەویش دەیزانی  کاری ژنەکەیەتی، بەڵام ڕاستەوخۆی ژنەکەی نەشکاندووە و هەوڵی داوە بێ ئەوەی بینداری بکات ئەو کارەی پێکۆتایی پێبێنێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە و پەلی کێشاوە بۆ کاری گەورەتر.

شاسوار بۆ ئەوەی بتوانێت بە پێدانی پارەی زیاتر بە ژنەکەی، ئیدی لەو کارەی دوور بخاتەوە، بۆیە دوو کار دەکات و لە سه‌عات هه‌شتی بەیانی تا هه‌شتی شەو لەکار دەبێت، ئەو کاتە زۆرەی لە ماڵ نابێت، زەمینە لەبار ده‌بێت بۆ ژنەکەی تا لەگەڵ کەسی تردا پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی دروست بكات.

مێرده‌كه‌ی ئاریان ده‌ڵێ، ماوەیەک زۆر گۆڕابوو هەمیشە دەیویست لە ماڵەوە دوورم بخاتەوە، تەنیا ڕۆژانی هەینی پشووم هه‌بوو، ئەویش لەو ڕۆژەدا دەچوو بۆ ماڵی دایکی، هەستم بە شتێکی نامۆ دەکرد، بۆیە چاودێریم کرد و هەموو شتێکم بۆ ئاشکرا بوو کە مۆبایکلی بە دزی پێیە و لەگەڵ کەسی نەناسراو قسە دەکات و داوای کارت و پارەیان لێ دەکات، هەر بۆیە كاتێك به‌ به‌ڵگه‌ بۆ ڕوون بووه‌وه‌، کۆتایم بە هەموو شتێک هێنا.

شاسوار و ئاریان لەیەکتر جیا دەبنەوە، لە دادگا منداڵەکان بە پێی بچووکی تەمەنیان دەدرێن بە دایکیان، بەڵام ماڵی باوکی ئاریان قبووڵی ناکەن، بۆیە منداڵەکان بە شاسوار دەدرێنەوە، بەهۆیی نەبوونی هیچ کەسێکی نزیکی شاسوار، ئێستا منداڵەکانی هەر جارە و لەلای کەسێکن و ئەویش لەبەر کارکردن ناتوانێت خۆی هەمیشە چاودێریان بکات.

منداڵەکانیان یەکیکیان تەمەنی چوار ساڵ و ئەوی تر سێ ساڵە، شاسوار ئەوە ڕوون دەکاتەوە، ئامادەیە منداڵەکان لەلای دایکیان  بن و ئەو هەموو خەرجییەکان بکات، چونکە ئەو ناتوانێت بەو شێوەیە بە خێویان بکات، بەڵام نە دایکیان و نە ماڵی باپیریان بەوە ڕازی نابن.

ئێستا شاسوار دەیەوێت لەگەڵ منداڵەکانیدا بەشێوەی یاسایی بچیتە دەرەوەی وڵات و ئیتر لەوێ خۆی ڕادەست بکات و نەگەڕێتەوە، بەڵام دایکی منداڵەکانی ڕازی نییە، بە پێی یاساش بەبێ ڕازیبوونی دایکیان، ئەو ناتوانێت بیانبات، لەبەر تەمەنی منداڵەکانیش ناتوانێت بە ڕیگەی نایاسایی بڕوات. 



PM:03:04:26/08/2017