یەكێتی لەسەر ناردنەوەی بەهرۆز گەڵاڵی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی گرژیەكانی نێوان توركیا و حزبەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند "توركیا دەیەوێت یەكێتیی فاتورەی ئۆپەراسیۆنە سەرنەكەوتووەكەی بدات"

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژە بەوە دەكات لەچەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی نێوان كۆماری توركیا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گرژی بەخۆوە بینیوە، هۆكاری ئەم گرژییەش دەگەڕێتەوە بۆ "هەوڵدانی دام و دەزگاكانی هەواڵگریی توركیا بۆ ئۆپراسیۆنێك لە سنووری سلێمانی بەبێ ئاگاداری دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە".

هەروەها وتیشی، ئەم ئۆپەراسیۆنە هەر لە بێخەوە مردار بووەوە، ئەوانەی كە بەمكارە هەستان لەلایەن ئاژانسێكی سەر بە پەكەكەوە، بە نابووتی بەرەوڕوو بوونەوە "دیارە لەئەنجامی ئەوەدا توركیا ئۆقرەی دیپلۆماسی نەگرت ‌و وایكرد كە یەكێتیی نیشتمانی فاتورەی ئۆپەراسیۆنە سەرنەكەوتووەكەی هەواڵگریی توركیا بدات، ئەویش بەوە كۆتایی پێهات كە بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتیی نیشتمانی لە ئەنقەرە وەدەربنێن".

پیرە جەختیكردوەتەوە، پێمان وایە وەدەرنانی كاك بەهرۆز گوزارشتی هەڵوێستی توركیایە لەبەرامبەر سیاسەتە كوردستانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەوبارەیەوە  ئێمە لەدانیشتنێكدا لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی ئەوەمان كرد باشترە ئەمجۆرە كێشانە بە هێمنی نەك بە تەشەنوج چارەسەر بكرێن "چونكە ئێمە دوای چارەسەری ئەم كێشانەش هەر بە جیران دەمێنینەوە".

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی ئەوەشی وتووە، بە هەر جۆرێك بێت، ئێمە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەین ‌و بەكارێكی خراپیشی دەزانین "چونكە نابێت یەكێتیی نیشتمانی فاتورەی سەرنەكەوتنی ئۆپەراسیۆنێكی دام و دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیا بدات لەلایەك، لەلایەكی تریش ئەمە كارێكی دروست نییە لەڕووی نەزاكەتی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتێكی تر با دراوسێش بێت".

هەروەها وتیشی، با لەگەڵ توركیادا پەیوەندیشمان باش، یان گریمان خراپ بێت، سەروەریی هەرێمی كوردستان بریندار بكات‌ و لەوێوە هەوڵی لەوجۆرە بدات، جا بەتایبەت ئەو كارەش دژی هێزێكی كوردستانی بێت كە ئێمە پێمان وایە ئەمە بە زەرەری هەموو توركیایە .

ناوبراو لەبەشێكی دیكەی ڕونكردنەوەكەیدا باسی لەوەكردووە، لەو سەروبەندەدا دژە لێدوانێكمان خوێندەوە لەلایەن دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە، كە لەڕۆژی ٢٨-٨-٢٠١٧، لە رۆژ نیوز بڵاویكردۆتەوە، لەڕێی كۆمەڵێك فەرەزیاتەوە، ئۆین بازانە پرسیار لەخۆی دەكات ‌و هەر خۆشی وەڵام دەداتەوە.

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە:
١-پێویستە كەجەكە ئەم قسە نا متەوازنانەی كە دیار غەریب بەرامبەر یەكێتی  كردوونی رەتبكاتەوە.
٢- یەكێتیی نیشتمانی ئەوە نەك ساڵی یەكەم‌ و دووەم ‌و سێیەمە، بەڵكو ئەوە دەیان ساڵە باجی سیاسەتی كوردستانیی خۆی لەپێناوی كورددا دەدات، ئەمەش نەك لەبەر خاتری كەس، چونكە ئێمە نرخی بەرزی هەڵوێستی نیشتمانی لە قرچۆكێكی وەكو دیار غەریب وەرناگرینەوە، بەڵكو ئەمە سیاسەتی كوردستانی یەكێتیی نیشتمانییە بەرامبەر بە كورد لەباكوور، بەرامبەر بە كورد لە رۆژئاواش كە ئێمە پشتیوانیمان لێكردوون.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە ئەوان دەزانن توركیا لەوەش زۆر ناڕازییە كە یەكێتیی نیشتمانی پشتیوانی لە هێزەكانی پەیەدە كرد لەكۆبانێ و گوشاری لە توركیا كرد رێگە بدات هێزی پێشمەرگە بچێت بۆ كۆبانێ بۆ بەرەنگاریی هێزی تیرۆریستی داعش، بەڵام وەك ئەو دەڵێت  "دەمانەوێت كەجەكە ئەوە روونبكاتەوە ئایا ئەم قسانەی دیار غەریب دەیكات، رەئی كەجەكەیە، یان ئایا بە جائیزی دەزانێت كە ئۆپەراسیۆنێكی نابەرامبەر و بەشێوەیەكی نادروست كرا، ئێمە جەنگێكی لەسەر بەرپا بكەین كە داهاتووی هەرێمی كوردستان لەو كات ‌و ساتە ناسكەدا كە دۆسیەیەكی نەتەوەیی گەورەمان لەپێشە، بخەینە مەترسییەوە؟".

پێشتر دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ڕایگەیاندبوو، دەبێت یەكێتی چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات، چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوە ‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت.



PM:01:17:29/08/2017