" ژمارەیەک چەکدار لە دهۆک چوونە سەر نووسینگەی NRT "

کەناڵی NRT لە زاری پەیامنێرەکەیانەوە بڵاویکردەوە" ئێستا کۆمەڵێک چەکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک"

ئەو کەناڵە "بەرپرسیارێتی گیانی کارمەندان و ڕۆژنامەنووسانی لە بادینان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم".

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە نوسینگەی دهۆک  بە کەناڵەکەی راگەیاندووە "ئەو چەکدارانەی کە هاتوونەتە سەر نوسینگەکە بە ئۆتۆمبیلی وەزارەتی پێشمەرگەوە هاتوون و وتویانە ئەگەر نوسینگەکە چۆڵ نەکەن دەیسوتێنین".

وتیشی "ئەو چەكدارانە دەیانەوێت نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک دابخەن و تابلۆی ئێن ئاڕ تی دابگرن.

چەکدارەکان کە هەڵیانکوتاوەتە سەر نوسینگەکە خۆیان بە کەسوکاری شەهیدان ناساندووە و داوای چوونە دەرەوەی تەواوی کارمەندانی ئێن ئاڕ تی دەکەن لەو نوسینگەیە.

چەکدارەکان چوونەتە سەربانی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک و ئاڵای کوردستانیان بە دەستەوە گرتووە، و لەسەر بانەکە هاوار دەکەن "بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم".

خەڵکێکی زۆر لەبەردەم نوسینگەکەی ئێن ئاڕ تی کۆبوونەتەوە و بەشێکیان هەڕەشەی سوتاندنی شوێنەکە دەکەن.

ئەو چەکدارانەی کە چوونەتە سەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک دەڵێن "ئێمە هاتووین تا نەهێڵین چەند گەجێکی دیکە بێن نوسینگەکە بسوتێن".

تا ئێستا پۆلیسی دهۆک نەهاتووەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەنها پۆلیسی هاتوچۆ لە شوێنەکەیە.
 ئەم هێرشە نوێیە بۆ سەر ئەو کەناڵە دوای داخستنی پەخشی ناوخۆی ئەو کەناڵە دێت کە بەبڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیری  لەچەند رۆژی رابردوودا راگیرا.



PM:05:39:31/08/2017