لە چەمچەماڵ لە یەکەم رۆژی جەژندا دەستدرێژی دەکرێتە سەر مامۆستایەکی ئاینی

ژمارەیەک چەکدار لەیەکەم رۆژی جەژندا دەستدرێژی دەکەنە سەر مامۆستای ئاینی محەمەد حامید و ئازارێکی زۆری دەدەن و دەستێکی دەشکێنن.
 
مامۆستای ئاینیەکە کەناوی محەمەد حامید پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی کوردستانە لە چەمچەماڵ بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە"ئەمڕۆ دوای نوێژی جەژنی قوربان لە مزگەوت چووەتە دەرەوە و چەند چەکدارێک لە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری بێ ئێم دەبلیو و جێبەوە هاتوون بۆی لێیان داوە".

ئەو مامۆستا ئاینیە ئاشکرای کرد کە ئۆتۆمبێلەکان جامڕەش و چەکدارەکانیش کە هێرشیان کردووەتە سەر دەمامکداربوون و بەهۆیەوە دەستێکی شکاوە.
 وتاربێژی مزگەوتی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نییە و نازانێت لەسەر چی لێیان داوە، هەروەها وتیشی لەسەر ڕووداوەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە.

ڕۆژی ١٨ی مانگی ڕابردووش، پێنج چەکدار کە ئۆتۆمبێلێکی بی ئێم دەبلیوی ڕەشیان پێبوو، هێرشیان کردە سەر سامان سەنگاوی مامۆستای ئایینی لەسنووری قەزای چەمچەماڵ و برینداریان کرد.



AM:09:59:01/09/2017