کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ئەمڕۆ یەکی ئەیلولەوە پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکدا کە ئەمڕۆ یەکی ئەیلول بڵاوکراوەتەوە وەزارەتی کارەبادا ئەوەی خستۆتەڕوو "ئێستا خواستی كارەبا بۆ ٥٠٠٠ مێگاوات كارەبا بەرزبووەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە بڕی بەرهەمهاتوو ٢٤٠٠-٢٥٠٠ مێگاواتەو دەتوانرێت ٨ بۆ ١٠ كاتژمێر كارەبای پێبدرێت، لەمانگی ئەیلولیشەوە بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوەو ژمارەی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاد دەكات".

وەزارەت وتوشیەتی "سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی كە كاریگەری كردۆتە سەر جێبەجێ نەكردنی پلانی وەزارەت، بەڵام وەزارەتی كارەبا بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان توانیوێتی بەسەركەوتووانە بەشێك لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە گازۆیلەوە بۆ گاز بگۆڕێت و بەگەڕیان بخات".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە "وەزارەتی كارەبا بەپێی گرێبەستی واژووكرا و لەگەڵ وەبەرهێنەران ئەو رێگایەیان پێدراوە بەرەزامەندی حكومەتی هەرێم و بێ توانایی حكومەتی هەرێم بەدابینكردنی سوتەمەنی بۆ یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەم كاتەدا حكومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای دابینكردنی ئەو بڕە گازۆیلەی نییە بۆ یەكەكان وە چەندین یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەگەڕكەوتوون".

ئاماژە بەوەشکراوە بە ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنان كارەبا هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكەن كە حكومەتی هەرێم سودمەندە لەو سودانە و حكومەت  قورتار دەبێت لە قەرەبووی كۆمپانیاكان كە بەپێی گرێبەست مافی خۆیانە".

وەزارەتی کارەبا باسی لە قازانجەکانی حکومەت لەو پرۆژەیەدا کردووە و دەڵێت حكومەتی هەرێم سوودمەندە لە 50%ی قازانجی كۆمپانیاكان، كرێی گواستنەوەی كارەبا لەرێگەی هێڵەكان و وێستگە ناوەندییەكانە كە مەرجە بدرێت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، سەرجەم سوتەمەنی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە دابین دەكرێت، لە ئایندەشدا ئەگەر حكومەتی هەرێم توانای دابینكردنی سوتەمەنی هەبوو ئەو گرێبەستانە پوچەڵ دەكرێنەوە.



PM:02:45:01/09/2017