پسوڵەی خۆراک کرا بە پارە

بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی ڕایگەیاند، لەدوای جەژن پسوڵەی خۆراكی سلێمانی چاپ دەكرێت "بۆ هەر فۆڕمێك بڕی هەزار دینار لە خاوەنەكەی وەردەگیرێت".

یاسین مەحمود حەمە، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی بە ماڵپەڕی خەڵکی وتووە، هەفتەیەك پێش جەژن لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی عیراق لای ئێمە بوون، داتای مانگی چوار و هەشت-یان لێ وەرگرتین و هەندێك ناوی دووبارە هەبوون لابران.

بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی ئاشکراشی کردووە، "ئەوەیان پێی ڕاگەیاندنین، كە ڕاستەوخۆ دوای جەژن فۆڕمەكە لە چاپ دەدرێت و دەگاتەوە دەست هاوڵاتیان، یان ئامێرەكانی تایبەت بە چاپ كردن دەهێننە سلێمانی و لەماوەی دوو ڕۆژدا تەواوی فۆڕمی سلێمانی لەچاپ دەدەن و دابەشی دەكەن".

ڕوونیشی کردووەتەوە، لە ئێستادا تەنها فۆڕمی هەرێمی كوردستان و موسڵ و كەركوك ماوە چاپ بكرێت، پارێزگاكانی دیكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكراوە، وتیشی، "بۆ هەر خێزانێكیش بڕی تەنها هەزار دینار وەردەگیرێت".

PM:07:56:01/09/2017