یەکێتی دوای جەژن بڕیار دەدات

سەرکردایەتی یەکێتی دوای جەژن بڕیار لەسەر کارەکانی ئەو دوو لیژنەیە دەدات کە ماوەیەکە سەرقاڵی راپۆرت ئامادەکردنن لەسەر کاری رێکخستن لەناو یەکێتی و کاروباری نوێنەرانی یەکێتی لە ناو حکومەتدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" کاری ئەو دوو لیژنەیەی کە ماوەیەکە لەنێو یەکێتیدا کاردەکەن و راپۆرت ئامادە دەکەن، لەسەر کاروباری رێکخستن و هەڵسەنگاندنی نوێنەرانی یەکێتی لە حکومەت، دەبوایە کارەکانیان پێش جەژن تەواوبووایە، بەڵام دوا خراوە بۆ دوای جەژن و پێشبینی دەکرێت لە ١٠ مانگی ئەیلولەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دواتریش سەکردایەتی ئەو حیزبە کۆببنەوەو بڕیار لەسەر ئەو دوو راپۆرتەو چەند پرسێکی تریش بدەن".

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی سپی، لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیار لەسەر هەڵبژاردنەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیش دەدرێت.

لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی دا زیاتر لە ٣٠ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتین، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سپی، لەو کۆبوونەوەیەی داهاتووی سەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیار لەسەر ئەو پرسانە دەدرێت.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە رۆژ بەرۆژ ناکۆکییەکانی نێو سەرکردایەتی یەکێتی لە هەڵکشاندایەو دوای کێشەش دەمەقاڵێن نێوان د. نەجمەدین کەریم و لاهوری شێخ جەنگی بوو کە رۆژی ٣٠ ی ئاب لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی لە سلێمانی روویدا. 



PM:07:54:02/09/2017