" بەغدا ئامادەیە داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێ بکات"

بەرپرسێکی یەکێتی لە بەغدا ئاشکرای کرد هاوپەیمانی شیعە ئامادەیە خاڵ بەخاڵی داواکارییەکانی هەرێم جێبەجێ بکات.

سەعدون فەیلی بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی یەکێتیی لەبەغدا بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، "بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عیراق و ھاوپەیمانێتی شیعە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر ھۆکاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەوەبێت کە بەغدا کێشەکانی لەگەڵ ھەرێم چارەسەرناکات، ئەوە ئەوان ئامادەن خاڵ بەخاڵی کێشەکان چارەسەربکەن و لەگەڵ ھەرێم بگەنە ڕێکەوتن".

 بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی یەکێتیی دەڵێت" ئەگەر گرەنتیەکی نێودەوڵەتی لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ھەبێت و کات دیاریبکرێت، ئەوە پێدەچێت ھەرێم بەرامبەر بەو بەدەنگەوەھاتنەی ھاوپەیمانێتی شیعە نەرمی بنوێنێت".

سەبارەت بەئەگەری کاردانەوەی وڵاتانی ھەرێمایەتی بۆ گەمارۆدانی ھەرێم لەدوای ڕیفراندۆم، فەیلی وتی:"داخستنی سنورەکان و فشاری وڵاتانی ئێران و تورکیا بژاردەیەکی کراوەیە، بەڵام ئەگەر لەناو ھەرێم یەکڕیزیی نیشتمانیی ھەبێت و خاوەنی ئابورییەکی پتەوبین کە نیمانە، ئەو ھەنگاوەش جێبەجێبکرێت کاریگەریی نابێت". 



PM:10:35:02/09/2017