بەرهەم ساڵح بۆ هەڵبژاردن سەرەتا لەگەڵ یەکیتێ‌و دواتر لەگەڵ گۆران گفتوگۆ دەکات

جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەرهەم ساڵح خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا لیستێکی سەربەخۆی دەبێت، بەڵام هەوڵدەدات سەرەتا هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی و دواتر لەگەڵ گۆڕان دروست بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" د. بەرهەم ساڵح یەکلایی بۆتەوە کە خاوەنی لیستی خۆی دەبێت، بەڵام هەوڵدەدات لەسەر بنەمای  بەرنامەی لیستەکەی سەرەتا لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانی بکات و، دواتر لەگەڵ گۆڕان".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی بەندە بەوەی تا چەند چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ دۆخی یەکێتی دەکرێت و ئەو قۆناغە قەیراناویە تێدەپەڕێنرێت کە ئەو حیزبە ئێستا تیایدا دەژی، هەروەها تا چەند ئەو بەرنامەی هەڵبژاردنەی لیستەکەی لەلایەن یەکێتییەوە پەسەند دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە دەست سپی کەوتووە، بەرهەم ساڵح خۆی بۆ هەڵبژاردەیەکی تریش ئامادەکردووە کە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی لەنێو ئەو بەرنامەیەی لیستەکەی ناوبراودا جێبگرن.

سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کە لەبەرنامەی بەرهەم ساڵح دا نییە بچێتە هیچ هاوپەیمانێتیەکەوە لەگەڵ پارتی، ئەو پێیوایە دەبێت ئەو ‌هێزانەی کە پێگەیان لە ناوچەکانی سلێمانی بەهێزە لەنێو هاوپەیمانێتیەکدا یەکبگرن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئەم ناوچەیەو دواتریش چارەسەکردنی کێشەکان لەسەر ئاستی هەرێم.

سپی زانیویەتی بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی لیستەکەی ناوبراو داوای چاکسازی لەبواری سیاسیدا دەکات و، جەخت دەکاتەوە لە سەر شەفافیەت لەبواری نەوت و داهاتەکانی تردا.

سپی زانیویەتی تا ئێستا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان میکانیزم و دکۆمێنتی تەواوی ئامادە نەکردووە بۆ حیزب و قەوارە سیاسییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام دەکرێت خاوەن لیست و قەوارەکان ناوی خۆیان وەک هەنگاوی سەرەتای تۆمار بکەن، بەرهەم ساڵحیش چەند رۆژێکە لەرێگای پارێزەرەکانیەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەو رێوشوێنانەیە.

سپی پەیوەندی کرد بە کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نزیک لەبەرهەم ساڵح، سلێمانی عەبدوڵا یونس، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێک بدات.


AM:11:54:06/09/2017