وتەبێژی یەکێتی: بڕیاری کۆتایی خۆمان داوە

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەمەبەستی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە و دەشڵێت "بڕیاری کۆتایی خۆمان داوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی نزیک لە پارتی ڕاگەیاندووە "سبەی، یان ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ برادەرانی پارتی كۆ دەبینەوە ئامانج لە كۆبوونەوەكەش چالاككردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت".

وتەبێژەكەی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆران كۆبووینەوە و ئەگەر هاتنە پێشەوە باشە، ئەگەریش نەیەنە پێشەوە ئێمە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بڕیاری كۆتایی خۆمان داوە، كاتیشمان بەدەستەوە نەماوە تا چیتر چاوەڕێ بكەین".

دوێنێ شاندێکی باڵای یەکێتی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەی گۆڕان کۆبوونەوە و پاکێجێکی حەوت خاڵیان دایە بزووتنەوەی گۆڕان.



PM:02:54:09/09/2017