هێمن هەورامی: تا 15ی ئەیلول پەرلەمان کارادەکرێتەوە

هێمن هەورامى، راوێژکاری سیاسی بارزانى، ڕایگەیاند "هەتا ١٥ى ئەیلول پەرلەمان کارا دەکرێتەوە".

هێمن هەورامى، راوێژکارى سیاسی بارزانى لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر دەڵێت "سبەینێ یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە، گفتوگۆ دەکەن لەسەر کارى هاوبەش بۆ سەرخستنى ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەى پەرلەمان هەتا ١٥ى ئەیلول".

ئەوەش لەکاتێکدایە میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەینێ یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆببێتەوە و تیایدا گفتوگۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو حەوت خاڵە بکەن کە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەسەندی کردووە.


هاوکات هەر ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندبوو "سبەی، یان ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ برادەرانی پارتی كۆ دەبینەوە ئامانج لە كۆبوونەوەكەش چالاككردنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت".

وتەبێژەكەی یەكێتی لەبارەی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە "ئێمە لەگەڵ برادەرانی گۆران كۆبووینەوە و ئەگەر هاتنە پێشەوە باشە، ئەگەریش نەیەنە پێشەوە ئێمە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بڕیاری كۆتایی خۆمان داوە، كاتیشمان بەدەستەوە نەماوە تا چیتر چاوەڕێ بكەین".



PM:07:09:09/09/2017