بارزانی پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

بارزانی بەبۆنەی یادی ٥٦ ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلولەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە ٢٥ی ئەیلولدا، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ یادی پەنجا و شەش ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، شۆڕشێک کە بڕوابەخۆبوون و ئیرادەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانیدا دروست کرد. ئەمساڵ یادی شۆڕشی ئەیلوول لە کاتێکدایە کە تەنها دوو هەفتەمان ماوە تا گەلەکەمان بڕیاری خۆی بۆ سەربەستی و ئازادی بە هەموو جیهان ڕابگەیەنێت و موژدە بداتە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەکەمان و بەرهەمی ئەو هەموو قوربانیدان و خۆڕاگرییەی بچنێتەوە. گەلی کوردستان شۆڕشی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" هەڵگیرساندووە و لە ٢٥ـی ئەیلوول، مێژوویەکی نوێ تۆمار دەکات.
شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕش و بەرخودانەکانی دیکەی گەلەکەمان تەنها بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بوونە، نابێ خوێنی بەناهەقڕژاوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت. دەبێ جیهان گوێی لە دەنگی ئازادیخوازانەی کوردستان بێت، دەبێ هاواری 182 هەزار ئەنفالکراوی کوردستان لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهاندا ببیسترێت، دەبێ گوێ لە ناڵەی 5 هەزار شەهید و دەیانهەزار برینداری هەڵەبجە بگرن، دەبێ جیهان گوێی لە هاواری 8 هەزار بارزانیی ئەنفالکراو و 12 هەزار گەنجی بێسەروشوێنی کوردی فەیلی بێت، دەنگی شەهیدان و کەسوکاریان، دەبێتە "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی" و لە ٢٥ـی ئەیلوولدا لە دەرگای ویژدانی هەموو جیهان دەدات.
لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. سڵاو لە گەلی خۆڕاگری کوردستان

مەسعوود بارزانی
10ـی 9ـی 2017



AM:10:26:11/09/2017