د. بورهان یاسین لەسەر بارودۆخی هەستیاری باشووری کوردستان هاتە دەنگ

توێژەر و ئەکادیمی کورد د. بورهان یاسین لە دوا نووسینیدا دەڵێت" من مەترسیێکی زۆر جددی دەبینم لەوەی کە ئەم موغامەرە و سەرکێشیەی بارزانی و پارتی ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەوەی بەدەستیش هاتووە. لە راستیدا ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئەم مەترسیەم باس کردووە".

لە توێژینەوەیەکی نوێی د، بورهان یاسین کە بە ناونیشانی " تەنها چەند خولەکێک ماوە بۆ کاتژمێر دوانزە!" و تایبەت نێردراوە بۆ سپی، ئەو توێژەرە دەڵێت" تەنها چارەگێک ماوە بۆ کاتژمێر دوانزە وەک پەند بە حاڵەتێک دەگوترێ کە لە کەمی کاتدا بۆ ئەنجامدانی کارێک یا گەیشتن بە ئامانجێک لە دوایین چرکەدا پێویستە ئەوپەڕی پەلە بکەیت، واتە دەستوبرد بکەیت چونکە خەریکە کات تەواو دەبێت".

لەو نووسینەدا کە لە پێشەکی و دوو بەش و دەرەئەنجام پێکهاتووە، لە پێشبینیەکی دەرئەنجامەکەدا دەڵێت" پارتی و بارزانی بەر لە هەموو کەس و لایەن باشتر دەزانن کە چارەنووسی ئەم ریفراندۆمە یەکێکە لەم دوو دەرهاوێشتەیە: لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا باشووری کوردستان، بە ئەگەری یەکجار زۆر رادەکێشرێتە ناو ململانێیێکی خوێناوی کە لە ئاکامدا هەر دەبێ بە گفتوگۆ تەواو ببێ! لەگەڵ ئەوەی کە سیناریۆی دووبارەبوونەوەی شکست و چۆکدادانی ١٩٧٥یش لەبەر دەرگایە، ئەو کاتە گفتوگۆش زۆر بە کەڵکی کورد نایەت! لەگەڵ ئەوەشی کە کەس ئەمڕۆ بە تەواوەتی نازانێ قەوارەی ئەم پێکدادانە چەند دەبێت وە چۆن کۆتایی دێت..".

لە بەشێکی تری دەرئەنجامەکەدا د. بورهان یاسین کە بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان بووە پێش ئەوەی لەلایەن پارتیەوە پەرلەمان پەک بخرێت، دەڵێت" دواخستنی ریفراندۆم، کە ئەمە ئەگەری هەرە لە پێشە، بەمەش سوتانی کارتەکەی دەستی بارزانی و پارتی بۆ مامەڵە پێوەکردن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی بارزانی و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان. سوتانی ئەم کارتەش پارتی و بارزانی و تەواوی باشووری کوردستان دەخاتە بەردەم ئەزمونێکی نوێوە. دواخستنی ریفراندۆم هەر لە لایەن بارزنی و پارتی و لایەنە پشتگیرەکانییەوە، واتە بەبێ تێکەڵاو بوونی گۆڕان و کۆمەڵ لە بڕیارێکی ئەوهادا، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز، کە تیایدا ئەمری واقع زۆر یارمەتیدەری پارتی نابێت".




AM:11:18:14/09/2017