بریت مەکگۆرک: چاوەڕوانی وەڵامی بارزانین

برێت مەکگۆرک ڕایگەیاند، ئەو بەدیلەمان خستە بەردەست بارزانی کە داوای دەکرد و وتیشی "هاوپەیمانێتی دژی داعش دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە و پشتیوانی ناکات".

برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو بەدیلەیان خستووەتە بەردەستی بارزانی کە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم داوای دەکرد و لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی بارزانین بۆ ئەو بەدیلەی پێشکەشیان کردووە.

مەکگۆرک ئامادە نەبوو ناوەڕۆکی بەدیلەکە بخاتەڕوو ڕایگەیاند ئەوان لە ئێستادا دەیانەوێت لایەنەکان گرنگی بە جەنگی ڕوبەڕوبوونەوەی داعش بدەن کە تا ئێستا لە حەویجەدا ماون و نایانەوێت نەهامەتی و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دروست بێت.

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژی داعش ئەوەشی وت کە ئەوان هانی سەرکردەکانی کورد دەدەن بە جدیی ئەو بەدیلەی خراوەتەڕوو وەریبگرن و چاوەڕێن بەدیلەکەیان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەدیلەکەیاندا جەخت لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە هیچ هێزێکی نێو دەوڵەتی نییە پشتیوانی ڕیفراندۆم بکات و هیچ هێزێک لە ئەندامانی هاوپەیمانێتی جەنگی دژی داعش پشتیوانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ناکات.

داواشیکرد، سەرکردەکانی کورد بە زووی وەڵامی بەدیلەکەیان بدەنەوە، چونکە ئەوان نایانەوێت بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کێشە لە ناوچەکەدا دروست بێت.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی بارزانى و نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا  بەدیلی ڕیفراندۆم خراوەتەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتی هەرێم ئاشکرایکردووە "بارزانى وتوویەتى ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کورد باس دەکات و لە ماوەیەکى نزیکدا هەڵوێستى لە بارەوە ڕادەگەیەنن".



PM:08:01:14/09/2017