"سپی" زانیاری ناو کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئاشکرا دەکات

کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بەبێ بەشداری گۆڕان و کۆمەڵ و بزووتنەوە بەڕێوەچوو کۆتاییهات و "سپی" زانیاری بڵاونەکراوە ئەشکرادەکات.

بەپێی ئەو زانیاریەی لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان دەست "سپی میدیا" کەوتووە لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیار کراوە بۆ بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کە پۆستی سکرتێری پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام ناوبراو ڕەتی کردۆتەوە پێدەچێت بۆ کۆبوونەوەی دواتری پەرلەمان بڕیار لەسەر وەرگرتنی یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدات

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد پێشنیار بۆ چەند کەسێکی دیکە کراوە لە فراکسیۆنە جیاوازەکان بەڵام ئامادەی وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبوون.

بەپێی یاسا کار پێکراوەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئاماەی وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبن دەبێت کەسێک لە لیژنەی یاسایی بەشێوەیەکی کاتی ئەو پۆستە وەربگرێت.

هاوکات پاش کۆبونەوەکە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بڕیاریدا لەسەر بەشداریکردنی لەدانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی فرکسیۆنەکەش ڕایگەیاند لایەنەکان لەسەر 10 خاڵ رێککەوتوون.

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند "پەرلەمان موڵکی گەلە و موڵکی چەند کەسێکی دیرایکراو نییە، بۆیە لەکاتی داخستیندا ئیدانەمان کردووە و ئێستا گەڕاوینەتەوە تا پرسە گرنگەکانی تایبەت بە ژیانی هاوڵاتیان تاوتوێ بکرێت".

وتیشی "پەرلەمان تەنها بۆ ڕیفراندۆم کاراناکرێتەوە و جەخت دەکەینەوە کە دەبێت چارەسەری کێشەکان دەستپێبکەن و دەستور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم قسەی لەسەر بکرێت".

بڕیارە کاتژمێر ٧ی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە پەکخستنی کۆببێتەوە و هەریەکە لە گۆڕان و کۆمەڵیش ڕایانگەیاند کە بەشداری ناکەن.



PM:05:48:15/09/2017