مووچەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، وێڕای ئەوەی دەکەوێتە ڕۆژێکی پشووی فەرمییەوە، بەڵام لە وادەی خۆیدا دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 21ی ئەیلول، مووچەی خانەوادەی شەھیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، ھەروەھا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەش دەکرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە کە ئەو ڕۆژە دەکەوێتە نێو پشووی سەری ساڵی کۆچی.
ماڵپەڕی "باسنیوز"ی نزیک لە پارتی دیموکرانی کوردستان بڵاویکردۆتەوە لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی و خودی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ئەوە دووپات کرایەوە، کە وێڕای پشوو، مووچەی ئەو کەس و وەزارەتانە دابەش دەکرێت.
ھەر لەم بارەیەوە، فەرحان جەوھەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاندووە "بەدواداچوونم لەسەر ئەو بابەتە کردووە و دەرکەوتووە وێراِی پشوو، مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراون دابەش دەکرێت"، گوتیشی: "لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی بە تایبەت بانکی قەڵات، بەدواداچوونم کرد، ئەوان پێیان ڕاگەیاندم، کە وێڕای پشووی فەرمی، بەڵام دابەشکردنی مووچە، کە لەو ڕۆژەدا ڕاگەیاندراوە، دابەش دەکرێت".