تەقینەوەیەک لە قامیشلۆ چوار قوربانی لێکەوتەوە

تەقینەوەیەک لە نزیک بارەگاى یونیسف لە شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى کوردستان ڕوویدا و ٤ بریندارى لێکەوتەوە.


ئاژانسى هاوارنیوز لە ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لەشاری قامیشلۆ لەڕێگەى ماتۆڕ سکیلێکى بۆمبڕێژکراوەوە لە نزیک یەکێک لە باخە گەشتیارییەکانى نزیک لە بارەگاى سندوقى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنى منداڵان (یونیسێف) کاتژمێر ٧ و ٤٥ خولەکى ئەم ئێوارەیە ڕوویداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تەقینەوەکە لەڕێگەى ماتۆڕ سکیلێکى بۆمبڕێژکراوەوە و لەڕێگەى دوورەوە ئەنجامدراوە و بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان، بەوهۆیەوە ٤ کەس برینداربوون کە یەکێکیان ژن و یەکێکى تریان منداڵە.

لەهەواڵەکەدا هاتوە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر تەقینەوەکە دەستیان پێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیى ئەو تەقینەوەیەی لەئەستۆ نەگرتووە.

کانتۆنى قامیشلۆ دەکەوێتە هەرێمى جزیرە لە ڕۆژئاواى کوردستان و کۆنتڕۆڵى لە دەستى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان و شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژەدایە.



PM:09:17:18/09/2017