بافڵ تاڵەبانی دواخستنی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند
میدیاکانی پارتی ڕەتی دەکەنەوە

بافڵ تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت ئەو بەدیلەکەی هاوپەیمانیان قبوڵکردوە کە پێشكەشی هەرێمیان كردووە بۆ دواخستنی ریفراندۆم، میدیکانی پارتیش وتەکاتی باڤڵ تاڵەبانی ڕەت دەکەنەوە.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە پێتان رادەگەیەنین كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتوین كە ئایندەی سیاسی كوردستان و گەلەكەمان پێویستی بە دانوستانی جدی هەیە لەگەڵ بەغدا، پاش لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو رێنمایی و پرۆژەو ئامۆژگارییە دڵسۆزانەی كە لە دۆست‌ و پشتیوانەكانمانەوە پێمان گەیشتوون، گەشتینە ئەو باوەڕەی كە باشترین رێگاو بەدیل بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخەو گەیشتن بە ئامانجە بەرزەكانی خەباتمان، پاكێجی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیایە، كە پێشكەشیان كردووین و بە باشترین چارەسەری دەزانین لەئێستادا.

بافڵ تاڵەبانی ئاشكراشیكردووە، لەكاتێكی دیاریكراودا دەست دەكرێت بە كۆبوونەوەی چڕوپڕ لەسەر هەموو كێشەكان لەگەڵ بەغدا، كوردو هێزە سیاسییەكان یەك دەست و دەستكراوەتر دەبن بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

ئەوەشی راگەیاندووە كە ئەگەر بە ئامانجیش نەگەیشتین، ئەوا كورد ئەو كاتەو بە پشتیوانی هاوپەیمانەكانی، دەست دەكاتەوە بە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی خۆی.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەشكردووە "ئێمە پێمان وایە، كە ریفراندۆم لە ئێستاداو لە كاتی دیاریكراودا، نەك هەر ناتوانێت ئامانجی سەربەخۆیی گەلەكەمان بپێكێت، بەڵكو رێگری و كێشەی زۆری بۆ دروست دەكات".

راشیگەیاندووە: لەبەر ئەم هۆكارانەی كە باسمان كرد، بڕیارماندا؛ لەسەر قبوڵكردنی بەدیلی پێشنیاركراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكاو فەرەنساو بەریتانیا، بۆیە پێمان باشترە ئەم بەدیلە تاقی بكرێتەوەو كورد بە یەك دەست‌و یەك ئەجیندا لە بەغدا، گفتوگۆیەكی مێژوویی خۆی بكات لەسەر هەموو پرسەكان، تا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئێستادا.

بافڵ تاڵەبانی ئاشكراشیكردووە ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی كراوەو هەمەلایەنە لەگەڵ بەغدادو بە چاودێری و پشتگیری هەموو جیهان لەئێستادا، هەڵبژاردەیەكی زۆر دروستترە لامان، بۆیە ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لامان پەسەندترە.

هاوکات میدیاکانی پارتی ڕەتی دەکەنەوە ڕیفراندۆم دواخرابێت و ووتەکانی باڤڵ تاڵەبانی بە "بێ بنەما" وەسف دەکات.

تا ئێستاش لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمەوە هیچ زانیاریەک لەبارەی دواخستنی ڕیفراندۆمەوە ئاشکرا نەکراوە.



PM:04:27:23/09/2017