لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆمدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە بارزانیەوە دەکات

لە کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆمدا کە ئەمڕۆ ٢٤ ئەیلول لە هاوینەهەواری سەلاحەدین بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە بارزانیەوە دەکات.

کۆبوونەوەی لیژنەی بالآی ریفراندۆم لە هاوینەهەواری سەلاحەدین کۆتایی هات و سەرجەم لایەنەکان بە یەکێتیشەوە بڕیار درا ریفراندۆم لە هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە سازبکرێت. 

لە کاتی کۆبوونەوەکەدا بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە کە بە سپی راگەیاند" وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رێکس تیلەرسن، پەیوەندی دەکات بە بارزانیەوەو پێدەڵێت کە هیوادارە لە کاتی ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیشدا نەبێتە مایەی توندوتیژی و دان بە ئارامیی خۆتاندا بگرن وگفتوگۆ لەگەڵ بە‌غدا بکەن".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، بارزانی بەوەزیری دەرەوەی ئەمەریکای راگەیاندووە کە ئەوان جگە لەوەی پرۆسەکە بەهێمنی بەڕێوەدەبەن،دوای ریفراندۆم روو لە بەغدا دەکەن و دەکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا"، هەروەها بارزانی دلێنیانی داوە بە ئەمەریکا کە پرۆسەی ریفراندۆم بە ئارامی دەڕوات هیچ توندوتیژیەک تێدا روونادات.

بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە کورد هەر بەشێک دەبێت لە هاوپەیمانی دژی داعش و بەردەوام دەبن لە بەشداریکردن لە جەنگی دژی داعشدا.

کۆبوونەوەکەی بالآی ریفراندۆم کە نوێنەرانی بالآی پارتی و یەکێتی کەرکوکیش بەشداریان کرد، لەوانە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەند، هەمووان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانیش ئەنجام بدرێت و کۆتایی بەو دڵەراوکێیەی شەوی رابردوو لە کەرکوک هێنرا.

بەیانی ٢٥ ی ئەیلول هالآتیانی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە لە کاتژمێر ٨ ی بەیانییەوە تا ٦ ی ئێوارە بەشداری دەکەن لە دەنگداندا لەسەر سەربەخۆی باشووری کوردستان.





PM:04:43:24/09/2017