عەبادی: گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم ڕادەگرین


سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.


ئەمڕۆ حەیدەر عەبادى، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی سازش لەسەر یەکپارچەیى و سەروەرى خاکى عێراق ناکات و دەسەڵاتی فیدراڵی خۆی بە گوێرەی دەستور دەسەپێنێت.

عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی دەست بۆ شکۆی هیچ هاووڵاتییەک نابات بە تایبەتیش بۆ هاووڵاتیانی کورد، هۆشداریشی دا لە کاریگەرییەکانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە زیان دەگەیەنێت بە کوردستان و عێراق بە گشتی.


حەیدەر عەبادی جەختی لەوە کردەوە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان گوێیان نەدا بەو بانگەوازە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانە کە ئاراستەیان کرا سەبارەت بە ڕیفراندۆم، بەوەی کە هەنگاوێکی نادەستورییە وتیشی "بەغدا بە هیچ شێوەیەک لەسەر ئەنجامی ڕێفراندۆم گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ناکات".

هاوکات بڕیاریدا سەرجەم خاڵە سنورییەکانى هەرێم بخرێنە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندییەوە.

وتیشی "ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.".

لێدوانەکەی عەبادی پاش ئەوە دێت دوێنێ ٢٥ی ئەیلول لە پارێزگاکانی هەرێمی و کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەچوو.



PM:07:58:26/09/2017