لەسەر رادەستکردنەوەی فرۆكەخانەكانی هەولێر‌و سلێمانی بڕیار درا

وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت رایگەیاند بڕیارەكەی بەغدا جێبەجێ دەكەن‌و فرۆكەخانەكانی سلێمانی‌و هەولێر لە ژێر چاوێری بەغدا دەبێت.

ئەمرۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا بە بەشداری مەولود باوەموراد، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت‌و بەڕێوەبەری فرۆكەخانەكانی سلێمانی‌و هەولێر، هەڵوێستی خۆیان لەسەر داواكارییەكەی حەیدەر عەبادی بۆ كۆنترۆڵی فرۆكەخانەكانی سلێمانی ‌و هەولێر ئاشكرا كرد.

لەكۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەدا مەولود موراد ڕایگەیاند "ئامادەی گفتوگۆین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەغدا"، وتیشی، ساڵانە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق پزیشکی تایبەت دەنێرێت بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەکاندا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پێوەرانە بێت کە ئەوان داوایان کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر فڕۆکەیەک لە هێڵەکانی جیهان بەرەو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بێن لەژێر چاودێری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقدان.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە هەواڵییەکەدا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێرئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی بەغدا هەڵە و نایاساییە.
لەلایەکی دیکەوە دانا سەعید بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند "تەواوی بڕگەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقمان جێبەجێ کردووە."

وتیشی کە بەغدا بە بڕیارێکی سیاسی دەیەوێت فڕۆکەخانەکانی هەرێم ڕابگرێت.




AM:11:02:27/09/2017