پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بە بڵاوكردنەوەی هێز لە كەركوك

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریدا بە بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازی لە كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان.

پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە چەند بڕیارێكی دەركرد ڕایدەگەیەنێت "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە نا دەستورییە و پێچەوانەی حوكمی مادەی ١ی دەستورە كە ئاماژەی كردووە بەوەی (ئەم دەستورە زەمانەتی یەكپارچەیی عێراق دەكات)، بۆیە ڕیفراندۆمەكە بەتاڵە و هەموو ئەو ڕێوشوێنانەش بە بەتاڵ دادەنرێت كە لەسەری بنیات دەنرێت".

هەروەها پەرلەمانی عێراق حەیدەر عەبادی، فەرماندەی هێزەچەكدارەكانی پابەند كرد بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی دەستوری و یاسایی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و پارێزگاریكردن لە هاووڵاتییەكانی و دەركردنی فەرمان بۆ هێزە ئەمنییەكان بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكان لە ناویشیاندا شاری كەركوك، هەر وەك ئەو ئەو كاتەی كە لە بەرواری ١٠ی٦ی ٢٠١٤هەبووە.

لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق چەندین بڕیاری دیكە دەركراون كە گرنگترینیان ئەمانەن:

-دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانییەوە لە دانیشتنی كۆتاییدا دراوە، بە تایبەت بڕیاری بە دواداچوون و لێپرسینەوەی یاسایی لە بەرامبەر ئەو لێپرسراوانەی كە ڕیفراندۆمیان ئەنجامداوە، لە ناویشیاندا سەرۆكی دەسەڵاتی هەرێم كە ماوەی یاساییەكەی تەواوبووە و ڕاگرتنی لە بەردەم دادگا بە گوێرەی یاسا پەیڕەكراوەكان، هەروەها سەرجەم ئەو فەرمانبەرە كوردانەی كە لە دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵیدا كاریانكردووە.

-داخستنی دەروازە سنورییەكان كە دەكەونە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی و ئەو كەلوپەلانەش كە لەو دەروازانەوە دێنە ژوورەوە بە كاڵای قاچاخ بناسرێت، هەروها داوا لە دەوڵەتانی هاوسێ بكرێت بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنی پێویست بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.

-پێویستە لەسەر حكومەتی فیدراڵی بیرەنەوتەكانی باكور لە شاری كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان بگێڕێتەوە و بیانخاتەوە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و ڕێگریكردن لە هەموو دەستوردانی حزبە باڵادەستەكانی ئەو ناوچانە.

-گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری تایبەت بە هەرێمی كوردستان بە تیابەت بڕیاری لەسەر كارلابردنی پارێزگاری كەركوك.

-پێویستە لەسەر حكومەت باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرانی سەرجەم ئەو وڵاتانە بانگهێشت بكات كە نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنریت كە كوسنوڵگەریی و نوسینگەكانیان دابخەن و بیانگوێزنەوە بۆ پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

-داواكردن لە سەرۆك كۆمار بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی بەوشێوەیەی لە دەستوردا، بە تایبەت مادەی ٦٧ بەو پێیەی دروشمی یەكێتی نیشتیمانە و نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەكات و پارێزەری دەستور و سەربەخۆیی و سەروەری خاكی عێراقیشە.

-جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی لەسەر بنەمای سەرخستنی ناسنامەی نیشتیمانی بۆ ڕۆڵەكانی عێراق.





PM:03:11:27/09/2017