بەغدا مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی نارد

حکومەتی بەغدا موچەی مانگی ھەشتی پاسەوانی سنوورو گومرگی رەوانە کردووە.
 
لیوا بەختیار تاھیر بابان راوێژکار لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند " دوێنی موچەی مانگی ھەشتی 2017ی پاسەوانی سنوور و گومرگ ھاتووەو رەنگە ئەمڕۆ دابەشکرا بێت".

 راوێژکارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند " تائێستا ھیچ بڕیارێکمان بەدەستنەگەیشتووە سەبارەت بەبڕینی موچەی ئەو فەرمانبەرانی ھەرێم کە لەبەغداوە موچەیان بۆدێت، بەڵام دوور نییە حکومەتی عیراق ئەو کارە بکات، چونکە لەساڵی 2014 موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی، لەکاتێکدا ریفراندۆمیش لەئارادا نەبوو.

سەبارەت بەموچەی فەرمانگەکانی(پاسپۆرت، نشینگە، رەزگەزنامەو باری شارستانی، کارتی زانیاری)، لیوا بەختیار تاھیر وتی"موچەی ئەو فەرمانگانە جیاوازەو عیراق (50%)ی موچەکەیان رەوانە دەکات، ئەوی دیکەی حکومەتی ھەرێم دابینی دەکات".

دەشڵێت"ھیوادارین نەگاتە ئەوەی موچەی ئەوانە ببڕدرێت، ھەرکاتێکیش گەیشتە ئەوەی موچەکەیان بڕدرا، ئەوکاتە حکومەتی ھەرێم وەک فەرمانبەرو ئەفسەری میلاکی وەزارەتی ناوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و موچەیان پێدەدات".
حکومەتی عیراق بڕیاریداوە موچەی ئەو کاسانە ببڕێت کە دەنگیان بۆ ریفراندۆمداوە.



AM:09:50:28/09/2017