نوسینگەی عەبادی: توركیا پشتگیری بڕیارەكانی عێراق دژ بە ڕیفراندۆم دەكات

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ عەبادی، سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕەزامەندی وڵاتەكەی نیشانداوە لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە تەنیا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا بكات.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بینالی یڵدرم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پشتگیری وڵاتەكەی بۆ سەرجەم بڕیارەكانی حكومەتی عێراق لە دژی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بۆ حەیدەر عەبادی دووپاتكردووەتەوە.

بەگوێرەی رشاگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكێك لەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق داویەتی تایبەتە بە هەناردەكردنی نەوت و تیایدا تەئكید كراوەتەوە كە هەناردەكردنی نەوت تەنیا لە دەستی حكومەتی فیدراڵیدایە.

ڕاگەیەنراوەكە باسی لە وردەكارییەكانی چۆنییەتی مامەڵەی ئەنقەرە لەگەڵ پرسی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمدا نەكردووە كە لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كرد و ڕایگەیاند، ئەگەر توركیا بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بگرێتەوە، ئیتر هەرێمی كوردستان لە كوێوە نەوتەكەی هەناردە دەكات؟.



PM:02:04:28/09/2017