لە رۆژهەڵاتی كوردستان بانگەواز بۆ مانگرتنی سەراسەری دەكرێت

كەمپینی پشتیوانی لە گیراوەكانی ریفراندۆم لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە بانگەوازێكدا داوا لەسەرجەم چین‌و توێژەكان دەكات رۆژی دووشەممە مانگرتنی گشتیی رابگەیەنن‌و داوای ئازادكردنی گیراوەكان بكەن.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "زاگرۆس پۆست" لە راگەیەنراوەكەی كەمپینەكەدا هاتووە "دەربڕینی هەستی هاودڵی‌و شادی تاوان نیە"‌و دەنوسێت: بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شادی‌و خۆشی لەشارەكانی كوردستان لەكاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی لێكەوتەوە.

راگەیەنراوەكە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستانی ئێران دەكات، لەوانە، نوێنەرانی راستەقینەی مەجلیس، پارێزەران، هەڵسوڕاوانی مەدەنی، خوێندكاران، بازاڕیان.. كە رۆژی دووشەممە 10ی رەزبەر بە مانگرتنی سەراسەری‌و داخستنی دوكان‌و بازاڕەكان دەنگی حەقخوازی گیراواەكانی ئەم دواییە لەبیر نەكەن.

جێگەی ئاماژەیە بەهۆی بەڕێوەچوونی كارناڤاڵی شادی لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە تەمەنە جیاجیاكان لەلایەن هێزەكانی رژیمی ئیسلامییەوە دەستگیر كراون.



AM:09:32:01/10/2017