بارزانی نیگەرانە لە ئەمەریکا

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بارزانی نیگەرانی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربڕیووەو رەخنەی لێگرتووە.

دوای کۆبوونەوەکەش لە بەیاننامەک بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمەوە هاتووە" نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە". 

دەقی وەڵامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێز رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ـی ئەیلوول داوایان کرد.

ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد، ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێراق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.

سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتووندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە. 

هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.

د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان



PM:09:26:01/10/2017