لەدووری ٢٥٠ مەتر لە باشماخ سووپای ئێران - عێراق مانۆری سەربازی ئەنجام دەدەن

هێزێکی زۆری سەربازی ئێران و هێزێکی کەمی عێراقی لە سنوری دەروازەی سنوری باشماخ بەدووری ٢٥٠ مەتر لە دەروازەکەوە مانۆری سەربازی ئەنجام دەدەن، هاوکات لە نزیک هەردوو مەرزی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران بەهەمان شێوە مانۆر بەردەوامە. 

شاخەوان ئەبوبەکر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە سپی میدیای راگەیاند" لە کاتژمێر ١١ ی نیوەرۆوە مانۆری هاوبەشی سووپای ئێران و سووپای عێراق لە نزیک دەروازەی باشماخی هەرێمی کوردستان لە دیووی ئێرانەوە دەستیپێکردووە".

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ سپی رایگەیاند " هێزێکی زۆری زرێپۆش و پیادەی ئێرانی و هێزێکی کەمی عێراقی، هێزەکانیش شۆفڵیان لەگەڵە بەشدارن لەو مانۆرەدا لە دیوی هەرێمەوە لەدەروازەی باشماخەوە بە ئاسانی دەبینرێن ".

سەبارەت بە هاوردەکردن و هاتن لە دەروازەکەوە، بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، بۆ ماوەیەکەم راگیراوە، بەلآم دواتر کراوەتەوەو " نازانین لەچەند کاتژمێری داهاتوودا چۆن دەبێت".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو هێزەی عێراق کە بەشدارن لەگەڵ هێزە ئێرانییەکە لە دەروازەی پەروێزخانەوە، هێزێکی حەشدی شەعبین.

پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ ٢ ی تشرینی یەکەم ئیران و عێراق بە هاوبەشی لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان دەستیانکرد بە مانۆرێکی سەربازی.

 



PM:04:24:02/10/2017