لیژنەی ئەمنی سلێمانی ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و داوا لە ھاووڵاتیان دەکات ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی ھاتووچۆ بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لەپێناو بەرێوەچوونی مەراسیمێکی شایستە بە خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال، کە تایبەتە بە ھێنانەوە و پێشوازیکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی پیرۆزی سەرۆک و سەرکردەمان جەنابی مام جەلال، ھاوکات پیشاندانی گیانی ڕێزگرتن لە رابەری کوردایەتی و دووپاتکردنەوەی بەردەوامبوون لەسەر رێبازەکەی و دەستگرتن بەو گیانی لێبوردووییەی کە فێری کردین ھەروەھا رێزگرتن لە میوانانی بیانی و ناوخۆیی، لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چەند رێوشوێنێکی دیاریکرد، بەم جۆرە:
١- لەرێگەی تیمی پرۆتۆکۆڵی حکومەتی ھەرێم و بەھاوکاری سەرجەم بەش و تیمەکانی فرۆکەخانە، لەناو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رێورەسمی ریئاسی بەبەشداری میوانانی تایبەت بۆ سەرۆک مام جەلال ساز دەکرێت.
٢- دوای ئەنجامدانی رێورەسمی فرۆکەخانە، تیمی تایبەتی پرۆتۆکۆڵ بەکەژاوەیەکی سەرۆکایەتی، تەرمی سەرۆک مام جەلال بەرێورەسمی تایبەت کە پۆلیسی ھاتوچۆ لەرێگەی ماتۆرسکیلەوە لە پێشی کەژاوەکەوە و بە درێژایی شەقامی سالم و میوانەکانیش لەدوای تەرمی بەڕێزیان بەشێوەیەکی رێکوپێک بە پێی خێرایی کەژاوەکە بەرێ دەکەون.
٣- لە کۆتایی شەقامی سالم تەنھا رێگە بە کەژاوە و پادەرەووی دەدرێت بچێتە ناو شەقامی مەولەوییەوە. میوانەکان تر لە شەقامی کانی ئاسکانەوە بۆ شەقامی دەباشان بەڕێدەکەون و ھەر میوان و بەشداربوویەکی کەژاوەکە بیەوێ بەشداری رێورەسمی ناو مزگەوتی گەورە بکات، پێویستە بە پیادە رێبکات.
٤- پاش کۆتایی ھاتنی رێورەسمی ناو مزگەوتی گەورە، کەژاوەکە بەبەشداری ھاوڵاتیان بە پیادەرەو بەرێدەکرێت لە شەقامی کانی ئاسکانەوە بۆ فولکەی ئاسکەکان و لەوێشەوە بۆ فولکەی یەکگرتن و بۆ شەقامی مەلیک مەحمود و پاشان بۆ بۆڵینگ تا دەگاتە کوردسات و دوامەنزڵگەی بەخاکسپاردنی تەرمی پیرۆزیان.
٥- لە پێناو جێبەجێکردنی ئەم رێوشوێنانەی سەرەوە، بەپێی پێویستی مەراسیمەکە، شەقامە سەرەکییەکان دادەخرێن.
٦- بەدرێژایی ئەو شەقام و شوێنانەی رێوڕەسمەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەلایەن لیژنەی ئەمنییەوە، بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی ھێزەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ئامادەکاری پێویست دەکرێت.
٧- بەدرێژایی شەقامەکان و بەپێی پێویست تیمی تەندروستی گەڕۆک و تیمی تایبەتی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی ئامادەییان دەبێت.
٨- لە دەباشان و لە مەنزڵگەی بەخاکسپاردنی سەرۆک (مام جەلال) ئامادەکاری و رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنی دەگیرێتەبەر.
٩- بەھەمان شێوە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی پرسەکەشیدا رێوشوێنی ئەمنی پێویست دەگیرێتەبەر و ئاسانکاری ھاتووچۆ بۆ ماتەمگێڕان فەراھەم دەکرێت.
١٠- سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کاری پێویست ئەنجام دەدات بۆ پاککردنەوە و رێکخستنی ئەو شەقام و شوێنانەی رێورەسمەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت.
١١- ھەربۆیە داوا لە ھاووڵاتیانی بەئەمەک و دڵسۆزی کوردستان دەکەین ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی ھاتووچۆ بکەن بۆئەوەی بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەو پلانەی کە دانراوە جێبەجێبکرێت کە شایستەی خەبات و ماندوبوونی سەرۆک مام جەلال بێت.
لیژنەی ئەمنی سلێمانی
٥/١٠/٢٠١٧