لەسەر راگرتنی نەوتی هەرێم
تورکیا: ئەگەر عێراق داوامان لێبکات بڕیار دەدەین

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر راگرتنی بۆری نەوتی هەرێم رایگەیاند" ئەگەر عێراق داوامان لێبکەن کە نەوت راگرین، ئەوا بەجدی لێدەکۆڵینەوەو رێ و شوێنی پێویست بەرمبەریان دەگرینە بەر".

مەولود چاویش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فرانس ٢٤ رایگەیاند" ئێمە کاتێک بۆری نەوتی ئیدارەی باکوری عێراق رادەگرین کە حکومەتی عێراق داوامان لێ بکات، ئەو دەمە ئێمە بەجدیەوە تێدەڕوانین و رێوشوێن وەردەگرین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی" من لە هەولێر زۆر دۆستانە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەم کردو پێمڕاگەیاندن، ئەوەی دەیکەن سەرکێشیەو هیچ مافێک بۆ کورد زیاد ناکات".
 
سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم کە دەستی ئیسرائیل بێت وەک ئۆردوغان لە تاران لەگەڵ رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، چاویش ئۆغلۆ، وەڵامی پرسیارەکەی دایەوەو وتی"  ئیدارەی باکوری عێراق پێش ئەوەی ریفراندۆم بکات، فەرەنسا و ئەمەریکا و وڵاتانی تر لەگەڵیدا نەبوون، تەنها ئیسرائیل لەگەڵیدا بوو، هەروەها ئێمە وێنەی بارزانیمان لەگەڵ چەند مۆسادێکی ئیسرائیلیدا بینی، بەڵام دواتر لەگەڵیدا نەبوون".

رۆژنامەنووسەکە لە ئۆغلۆی پرسی، باشە ئێوەش لەگەڵ ئیسرائیل وتوێژتان هەیە و پەیوەندیتان هەیە، ئەو وتی" ئێوە ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنێک وتوێژ دەکەین و لەگەڵ هەموو کەس قسەو باس دەکەین".
        



PM:08:40:06/10/2017