نوسينگه‌ى عه‌بادى: بەبێ داننان بە یەكگرتویی عێراق هیچ گفتوگۆیەک ناکرێت

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا ڕایگەیاند "هیچ گفتوگۆیەك ناكرێت بەبێ داننان بە یەكگرتویی عێراق و پابەندبون بە دەستورەوە".


ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن چەند بەرپرسێكی عێراقییەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەمڕۆ یەكشەممە، سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، رایگەیاند "ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان گیراونەتەبەر سزادانی هاوڵاتیانی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی نیشتەجێی هەرێم نییە، بەڵكو چەند رێوشوێنێكن بۆ پاراستنی یەكگرتویی وڵات و رێزگرتن لە سەروەریی وڵات لە تەواوی خاكەكەیدا لەنێویشیاندا خاكی هەرێمی كوردستان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە رێوشوێنەكان بەپێی مادە دەستورییەكانی 109 و 110 گیراونەتەبەر كە حكومەتی عێراق پابەند دەكەن بە پاراستنی یەكگرتویی عێراق و پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی بۆ پاراستنی سنورە وشكانی و ئاسمانییەكان و بازرگانی لەگەڵ دەرەوە لەنێویشیاندا هەناردەی نەوت.

حەدیسی دووپاتیکردەوە كە حكومەتی عێراق سورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە تا حكومەتی هەرێم وەڵامدەداتەوە بۆ پەسەندكردنی رۆڵی چاودێری و پشكنین لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە لەڕێگەی دەستەی دەروازە سنورییەكان و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنییەوە لە دەروازە سنورییە وشكانی و ئاسمانییەكان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە حكومەت پشتی بە دەستور و بڕیاری دادگای فیدراڵی و سەرپشككردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بەستوە بۆ گرتنەبەری هەمو رێوشوێنەكان لەپێناو پاراستنی یەكگرتویی عێراق و رێگەنەدان بە هەڕەشە لە یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی عێراق و گەلەكەی.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەر هەوڵێك بۆ گفتوگۆ لە ئایندەدا لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم دەبێت لەسەر بنەما پتەوەكان بێت و بەرلە هەموشیان لەسەر بنەمای داننان بە یەكێتی عێراق و رێزگرتن لە دەستور و پابەندبون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەنجومەنی وەزیران وەك دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردن لە وڵاتدا بڕیارەكانی لەوبارەیەوە دەركردون هەروەها بڕیارەكانی دادگا و پەرلەمان ئەركن بۆ جێبەجێكردن.

ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ شەممە مەسعود بارزانی لە شاری سلێمانی لەگەڵ هەریەكە لە ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجەیفی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوەوە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن


رۆژی 26ی ئەیلول حكومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها رادەستكردنەوەی دەروازە سنورییەكان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیشی پابەندکرد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەوە. 



PM:02:29:08/10/2017