یەكێتی: داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێممان نەكردووە

وتەبێژی یەكێتی ڕەتیكردەوە هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەكانەوە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "یەكێتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی نەكردووە".

وتی "تائێستا حزبەكانی هەرێم كۆنەبوونەوەتەوە و بڕیاریان نەداوە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت یان هەڵبژاردن دوادەخرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە هاوكات وتەبێژی ئەو حزبەیە، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر ڕایگەیاند، "هیچ لایەنێكی سیاسی لە كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكانی هەرێمدا باسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم و دواخستنی نەكردووە، بەڵام دەبێت لە ڕۆژانی داهاتوودا لایەنەكان كۆببنەوە و بابەتی هەڵبژاردن بەلایەكدا بخەن بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت یان نا".

سەعدی پیرە هەڵوێستی حزبەكەی لەوبارەیەوە ئاشكراكرد و ڕەتیكردەوە یەكێتی داوای كردبێت بۆ ماوەی ساڵێك و شەش مانگ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوابخرێت و پارتی بەوە ڕازی نەبووبێت و وتیشی "نە یەكێتی و نە پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان نەكردووە و تائێستا لایەنەكان كۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكرێت یان نا".

بەڵام وەك ئەو وتی "لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دەدەن.

هەروەها وتەبێژی یەكێتی سوپاسی سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كرد، كە توانیویانە بەشێوازێكی سەركەوتوو ڕووماڵی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی مام جەلال و بەخاكسپاردنی و پرسەكەی بكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە ڕۆژی ١ ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم دیاریكراوە و كۆمسیۆنیش بۆ ئەنجامدانی ئەو دوو هەڵبژاردنە لە یەك كاتدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.



PM:02:01:09/10/2017