وەزیری دەرەوەی توركیا: بارزانی ڕیفراندۆمی كرد بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی خۆی

وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت دەكاتەوە لەوەی "بارزانی هاوكاری و پشتیوانی" ئەوانی بە هەڵە لێكداوەتەوە و دەڵێت "مەسعود بارزانی ئامانجی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەبووە بە بزواندنی هەستی نەتەوایەتی لە هەرێمەكەدا پێگەی سیاسی خۆی بەهێز بكات".

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاكشەم)ی توركی سەبارەت بە ئاكامەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم رایگەیاند "ماوەیەكی زۆرە كێشەی ئابوری و سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، مەسعود بارزانی ئامانجی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەبووە بە بزواندنی هەستی نەتەوایەتی لە هەرێمەكەدا پێگەی سیاسی خۆی بەهێز بكات، بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو كارە نایاساییە ناكات".

وتیشی "هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی یەكێتی خاكی عێراق هەڵەیەكی گەورەیە و مەحاڵە ئەو بارودۆخە قبوڵ بكەین".

سەبارەت بە ئەگەری جموجۆڵی سەربازیی دژ بە هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر هەر هێرشێك بكرێتە سەر توركمانەكانی عێراق ئەوان تەماشاكار نابن و هاوكات هەر كارێكی "نابەرپرسانە" بكرێت بۆ كۆسپ خستنە بەردەم بازرگانییەكەیان لەگەڵ عێراق و ئەگەر ئاسایشی ئەو هاوڵاتیانەی توركیا كە بازرگانییەكە ئەنجام دەدەن بخرێنە مەترسییەوە، ئەوا لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەیانەوە مۆڵەتی لەشكركێشییان بۆ ناو خاكی عێراق و سوریا پێدراوە.



PM:03:08:09/10/2017