سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سەرکردە کوردەکان بەرهەمی هەبووە و دەڵێت "لەچارەسەر نزیکبووینەتەوە".
سەلیم جبورى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا هاتووە، لەم بارودۆخە نەخوازراوەى نێوان هەرێم و بەغدادا پێویستە بەبیرێکى فراوانەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بدەین و خۆمان بپارێزین لە بیرى تەسک و لێدوانى نابەرپرسانە.
هەروەها دەڵێت "لەسەر بنەماى ئەوەش چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ سەرکردە کاریگەرەکانى عێراق و هەرێم ئەنجامداوە و کاریگەرى باشى هەبووە "کۆبوونەوەشم لەگەڵ بارزانى یەکێک بووە لەو کۆبوونەوە گرنگانەى کە بەرهەمى هەبووە".
جبورى ئاماژەی بەوەداوە لەم کاتەدا نایەوێت تەواوى وردەکاریى و ڕونکردنەوە لەسەر کۆبوونەوەکان بدات بەڵام "دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەهیچ شێوازێک لە دابەشبونى خاکى عێراق خۆشنابین و ڕێگاى پێنادەین".
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ هومام حەمودی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سەلیم جبوری بۆ لای بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ئەو سەردانە "شەخسییە و پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە".