کۆڕەک ئامانجی سەرەکی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراقە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" ئامانجی سەرەکی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دژی کۆڕەک تیلیکۆمە".

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کۆمپانیای زەین پابەند بوون بەو پارەیەوە وەک ئیشتراک بۆ ١٥ ساڵ دەیدات، هەروەها پابەند بوون بەو باجی داهات و، باجی فرۆشتنی کارتی مۆبایل کە سێ ساڵە نرخی کارت لەسەر هاولآتیان زیادکراوە، بەلآم بەپێی ئەو دۆکۆمێنتانەی لەبەردەستمدان، کۆڕەک ئامانجی ئەو بڕیارەی ئەمڕۆیە کە بەرامبەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی دران".

ناوبراو دەڵێت" هەردوو کۆمپانیان زەین و ئاسیاسێل ئۆفیسی سەرەکیان لەبەغدایەو لەو رووە هیچ کێشەیەکیان نییە، بەلآم کۆڕەک ئۆفیسی سەرەکی لەبەغدا نییە، هاوکات هەردوو کۆمپانیاکەی تر پابەند بوون بە پێدانی باجەوە، بەلآم کۆڕەک بەپێی ئەو دۆکمێنتانەی لەبەردەستی مندان، بڕی ٣٧٥ ملیار دینار قەرزاری دەستەی پەیوەندیەکان و میدیای عێراقن، هەروەها پابەند نەبووە بە زەریبەی دەخل ( باجی داهاتەوە)، جگە لەوەی باجی فرۆشتنی کارتی سێ ساڵیشی نەداوە کە نرخی کارتی مۆبایل بەرزبۆتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ وتیشی " کۆڕەک رایگەیاندووە باجەکەی سەر کۆمپانیاکەی رادەستی حکومەتی هەرێم کردووە، کە لەرووی یاساییەوە تا ئێستا گونجاوە ئەگەر ئەو بڕە پارانەی دابێت بەحکومەتی هەرێم، بەلآم حکومەتی بەغدا دەیەوێت ئۆفیسی سەرەکی کۆڕەک برێتە بەغداو لەوێش هەموو باجەکانی لێبسەنێت".

بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق ماوەی ١٠ رۆژ مۆڵەتی داناوە بۆ هەر سێ کۆمپانیا تا مەرجەکانیان جێبەجێ بکەن.

سپی زانیویەتی تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی رانەگەیاندووە کە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەو پارەیەی دابێت بە حکومەتی هەرێم.

سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم خاوەن پشکێکی سەرەکی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمە. 



PM:10:16:09/10/2017