لەشارێکی هەرێمی کوردستان دەستدرێژیدەکرێتە سەر کچێکی ١٧ ساڵان

لە شارۆكەی كۆیە كچێكی تەمەن ١٧ ساڵ پێوەندی لەگەڵ هاوڕیی براكەیدا دادەنێت و ماوەی چەند مانگێك پێوەندیان دەبێت، دوای ئەوەی لەیەكتر جیا دەبنەوە، خۆشەویستەكەی بە بیانووی پێدانەوەی وێنە و دیارییەكانی، لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەری، ئێستە ئەو كچە لە داڵدەی ئافرەتان (شەڵتەر)ە و كوڕەش كە خاوەنی سێ منداڵە، لە هەولێر لە گرتووخانەیە.

ماڵپەڕی وشە لە راپۆرتێکدا باسی ژیانی ئەو کچە دەکات، (نوور)، ئەو كچەیە كە ئێستە لەنێوان ئەوەی داوای خێزانەكەی قبووڵ بكات و بگەڕێتەوە ماڵی باوكی، یان لەگەڵ ئەو كوڕەی دەستدرێژی بەرامبەر كردووە هاوسەرگیری بكات، نازانێت چ بڕیارێك بدات و دەڵیت لە گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوكی ترسی هەیە كە نەتوانێت وەك جاران هەڵسوكەوت بكات و دوای ماوەیەك بەزۆر بەشووی بدەن، نەفرەتیش لەو كوڕە دەكات كە بەناوی خۆشەویستییەوە قێزەونترین كاری بەرامبەر كردووە. 

وەک نوور وەك بەندكراوێك دەژیت، دەیەوێت بێتە دەرەوە و ئەو تەمەنەی ماویەتی بە ئازادی بیباتە سەر، دەیەوێت سزای ئەو كوڕەی ئەو كارەی بەرامبەر كردووە گەورەتر بێت لەوەی بە بەندكردنی چەند ساڵێك كۆتایی بێت.

ماڵپەڕەکە باسی دوای رووداوەکە دەکات کە دوای ئەوەی هەموو شتێك لە نێوانیاندا روو دەدات، (شاد) پێوەندی بە براكەیەوە دەكات بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچێت، ئەویش بەڕێیان دەكات بۆ ماڵی خزمێكیان لە كەركووك، دواتر خێزانی هەردوولا ئاگەدار دەكرێنەوە، سەرەتا ماڵی باوكی (نوور) دەڵێن هەردووكیان دەكوژین، دوای چەند دانیشتنێك بڕیار دەدرێت ڕادەستی پۆلیس بكرێن و باوكی (نوور) لە دادگا سكاڵا لەسەر (شاد) تۆمار دەكات، بەوەی دەستدرێژی بەرامبەر كچە ١٧ ساڵەكەی كردووە، ژنی (شاد)یش سكاڵا لەسەر (نوور و شاد) تۆمار دەكات، بەوەی كە ناپاكیان لێی كردووە.

(نوور) دەڵێت ژنەكەی (شاد) سكاڵاكەی كشاندووەتەوە و ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆئەوەی (شاد) هاوسەرگیری لەگەڵ مندا بكات، بەڵام باوكم لەسەر داواكەی بەردەوامە و دەیەوێت لەرێگەی یاساوە ئەو بە سزای خۆیی بگات.

پارێزەر (سیروان عەزیز)، سەبارەت بە كەیسی (نور) بۆ "وشە" دەڵێت، لەڕووی یاساییەوە، ئەم تاوانە دەچیتە ژێر باری مادەی (٣٩٣ – ٣٩٤) لە یاسای سزاكانی عێراقی، مادەی(٣٩٣) دەیگرێتەوە و ئەو مادەیەش دوو بڕگەی هەیە، بڕگەی یەكەم (نوور) دەگرێتەوە، چونكە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵە و دەستدرێژی كراوەتە سەر، كە تاوانبار بە توندترین سزا، كە (بەندكردنی تاهەتایی) یاخود ماوی "٥ بۆ ١٥" ساڵ بەندكردن دەبێت.

زیاتر وتی، ئەگەر بێت و (نوور) هاوسەرگیری لەگەڵ (شاد) بكات ئەوكاتە، هەموو لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە و كەیسە و ئەو كوڕەش دادەخرێن، لە دادگا هاوسەرگیرییان پێ دەكرێت.



PM:11:18:10/10/2017