ئەنجوومەنی باڵای سیاسی كوردستان: بەڕای گشتی جیهانی رادەگەیەنین کوردستان رووبەرووی هەڕەشە بەکارهێنانی هێز بۆتەوە

ئەنجومەنی باڵای کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بە رای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی رادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان رووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە.

لەیەکەم بەیانیدا دوای ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ناوی خۆی گۆڕی بە ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " گەلی كوردستان رووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناخێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت".  

دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان

رۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ رێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی رێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ رۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.

پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر گشتپرسی تاوتوێ كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:

یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی گشتپرسی لە رووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها رەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.

دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.

سێیەم: كۆبوونەوەكە بە رای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی رادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان رووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناخێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.

چوراەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان



PM:07:22:11/10/2017