فەرماندەی گشتى هێزەکانی پێشمەرگە: زۆر بە توندی بەرگری لەگەلی كوردستان دەکەین

فەرماندەى گشتى هێزکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، حەشدى شەعبی و سوپای عێراق دەستیان بە جموجۆڵ بۆ پەلاماردانى کەرکوک کردووە و دەڵێت "پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لەگەلی كوردستان دەكات".


لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە فەرماندەى گشتى هێزکانی پێشمەرگە  ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە هێزەكانی سوپای عێراقی دەستیان بە جمووجۆڵ و خۆئامادەكردن بۆ پەلاماردانی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەوروبەری كەركوك كردووە".

فەرماندەى گشتى هێزکانی پێشمەرگە  ڕاشیگەیاندووە "ئەو جمووجۆڵە لەدوای هاندان و دەستلەپشتدانی بیانی و هەروەها لێدوانی هەڕەشەئامێزی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسی عێراقی دێت لەدژی گەلی كوردستان و ئاماژەی مەترسیداری هەڵگیرساندنی شەڕ و پەلاماردانی كوردستانی تێدایە."

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و ڕای گشتیی جیهانی لەوە ئاگادار دەكەینەوە كە ئەو دۆخە نالەبارە دەبێتە هۆی كارەساتی گەورە. ئێمە دژی شەڕ و خوێنڕشتنین، و لە ڕوانگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتییەوە داوا لە حكومەتی بەغدا دەكەین لە جیاتی جووڵاندنی هێز و خۆسەپاندنی بەزۆر، بێت گفتوگۆ بكات و لەو ڕێگەیەوە گرفتەكان چارەسەر بكرێت".

ئاماژە بەوەش کراوە "هەڕەشە و پەلاماردان و شەڕفرۆشتن قبوڵ ناكرێت و چارەسەری هیچ گرفتێك ناكات و هێزی پێشمەرگە زۆر بە توندی بەرگری لە گەلی كوردستان دەكات و ڕێگە نادات بە زمانی چەك و خۆسەپاندنی بەزۆر، مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت".

فەرماندەى گشتى هێزکانی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە "پێویستە هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لە ئامادەباشیی تەواودا بن بۆ بەرگریكردن لە گەل و خاكی كوردستان و بەرپەرچی هەموو جۆرە هەڕەشە و پەلامارێك بدەنەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی حەشدى شەعبی و سوپای عێراق هێزێکى زۆریان لە باشوری کەرکوک جوڵە پێکردووە.



PM:12:08:13/10/2017