وتەبێژی حکومەت لەسەر دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکومەتی هەرێم سەفین دزەیی لەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان روونکردنەوە دەدات.
 
سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی، خەڵك ئاماژەی بەوەكرد " سەرچاوەی داهاتی حكومەتی هەرێم دیاریكراوە و نزیكەی 90%ی لە نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت و پڕۆسەی هەناردەی نەوتیش بەردەوامە".

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی "هەناردەی نەوت تائێستا هیچ كێشەیەكی نییە و ئەمەیش مانای وایە هیچ كێشەیە بۆ دابەشكردنی مووچە نەهاتوەتە پێشەوە، بەڵام بەهۆی پشووەكان و چەند بۆنەیەكەوە ئەم مانگە چەند ڕۆژێك دابەشكردنەكەی دوادەكەوێت".

وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم ڕونیكردەوە، دۆخی سەربازی و سیاسی هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر دابەشكردنی مووچە نابێت و حكومەتی هەرێم پێویستە مووچە دابین بكات.

سەفین دزەیی سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتیش بۆ دابینكردنی پێویستەكانی دیكەیش وتی، "حكومەت لە هەوڵی دابینكردنی هەندێك پێویستی تریشدایە، بەڵام پێشتر بەغداد بەزۆری ئەو پێویستیانەی دابین دەكرد و بەپێی پارێزگاكان دابەش دەكرا، ئێستا بەغداد هاوكاری هەرێم ناكات و ئەمەیش چەند قەیرانێكی دروست كردووە".

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بۆ كەمتر لە نیوە كەمكرایەوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، چیتر دابەشكردنی مووچە دواناكەوێت، بەڵام تائێستا هیچ مانگێك لەوادەی خۆیدا دابەش نەكراوە.



PM:09:30:14/10/2017