لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بەیاننامەیەكی دەركرد
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مۆڵەت بەهیچ گردبوونەوە و چالاكی و خۆپیشاندانێك نادەین و هەر لایەنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە " ئەم داواكارییەی لیژنەی ئەمنی تەنیا لەپێناو پاراستی ئارامی پارێزگاكە و دوورخستەوەی هاونیشتمانیانە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی زیاتر، بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین ئەم ماوەیە دان بەخۆیاندا بگرن و هاوكار و پشتیوانمان بن".
دەقەكەی بخوێنەرەوە:
بەرەچاوكردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردوەو لەپێناو پاراستنی زیاتری ئارامی و ئاسایشی پارێزگاكەمان، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرجەم حزب و لایەن و كۆمەڵە و رێكخراوەكان دەكات، لەم كاتەدا پەنا نەبەنە بەر ئەنجامدانی هیچ كۆبوونەوەو گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەژێر هەر داوا و پاساوێكدا بێت.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی تەئكید دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی بارودۆخ لەبار نییە و ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە پارێزگاكەكە كردووەو بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان و دەزگا حكومییەكان سەرقاڵ نەبن ، مۆڵەت نادات بەهیچ گردبوونەوە و چالاكی و خۆپیشاندانێك و هەر لایەنێك پابەند نەبێت رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.
ئەم داواكارییەی لیژنەی ئەمنی تەنیا و تەنیا لەپێناو پاراستی ئارامی پارێزگاكەو دوورخستەوەی هاووڵاتیانە لە دڵەراوكێ و نیگەرانی زیاتر، بۆیە داوا لەهەموو لایەك دەكەین ئەم ماوەیە دان بەخۆیاندا بگرن و هاوكار و پشتیوانمان بن.
هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاكەمان و دڵنیاشین هاووڵاتیانی خۆشەویست و لایەنەكان لە ئاستی بەرپرسیاریتیدا دەبن و چاوەروانی هاوكاری هەموو لایەكین.
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی
18ی تشرینی یەكەمی2017
PM:09:06:18/10/2017