نەجمەدین کەریم: یەکێتی و ئێران هەڕەشەیان لێکردم


نەجمەدین کەریم لە کەناڵێکی پارتیەوە دەرکەوتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆژێک پێش ڕووداوەکەی کەرکووک، "لەلایەن چەند بەرپرسێکی یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێکراوە".

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەڕێگەی کەناڵی کوردستان24 وە دەرکەوتەوە و ڕایگەیاند کە لەلایەن بەغداوە بەشێوەیەکی نایاسایی بڕیاری لادانی دراوە و دەشڵێت "ڕۆژێک پێش هێرشەکەی کەرکووک، (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور و ئاراس جەنگی و نوێنەری قاسم سولەیمانی)" هەڕەشەیان لێ کردووە.

دەڵێت بە ڕوونی پێیان ڕاگەیاندووە ئەگەر واز نەهێنێت، هێرشی دەکەنە سەر و وتیشی "ئەگەر بۆ کەرکووک بگەڕێمەوە هەڕەشە لەسەر ژیانم هەیە، بەڵام کۆڵنادەم و ڕۆژێک هەر دەگەڕێمەوە کەرکوک ".

نەجمەدین کەریم لەبەرامبەر بێدەنگی ئەمریکا لە ڕووداوەکان ڕایگەیاند "شەرم دەکەم پاسپۆرتی ئەمریکیم هەیە"

نەجمەدین کەریم، لە بەرەبەیانی 16ی تشرینی یەکەم و بەر لەهاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ شاری کەرکوک ئەو شارەی جێهێشتووە و دواتر ئاراسی شێخ جەنگی ڕایگەیاند کە "نەجمەدین کەریم لە هەولێرە و لەو خانوەیە کە لە گوندی ئیتاڵی لەلایەن کۆمپانیای کارەوە پێیدراوە.



PM:09:54:19/10/2017