حکومەتی ھەرێم: پێشوازی لەبەیاننامەکەی ئەمەریکا دەکەین

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی خۆی لەسەر راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکان راگەیاندوو، دەڵێت، پێشوازی لێدەکەن.


دەقی راگەیەندراوی حکومەتی ھەرێم


ڕۆژی ھەینی ٢٠/١٠/٢٠١٧ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بە ناوی حکوومەتی ئەمەریکاوە لەبارەی بارودۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان و گرژی و پێکدادانەکانی نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقی لە پردێ بڵاو کردووەتەوە و تیایدا بەمەبەستی ڕاگرتنی گرژییەکان کە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەنێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزەکانی عێراقیدا ڕووی داوە، ھانی ھەردوولا دەدات بکەونە گفتوگۆ.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات، ھەروەھا پێشوازی لە دەستبەجێ ڕاگرتنی گرژی و پێکدادانەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات و ڕەزامەندیشە کە ڕاگرتنی شەڕ و گرژی بە ھەماھەنگیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھێزی ھاوپەیمانان ئەنجام بدرێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان پێشوازی لە دەستپێکردنی دانوساندن لەگەڵ بەغدا دەکات بە زووترین کات و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی و بەبێ ھیچ پێشمەرجێک.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

٢٠/١٠/٢٠١٧



AM:09:14:21/10/2017