پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لە چەند هەفتەی داهاتوودا گۆڕانکاری ڕوودەدات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان بەشداریکردنی فراکسیۆنەکەیان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "لە یەک بۆ دوو هەفتەی دیکەدا گۆڕانکاری لە هەرێم ڕوودەدات".


بێستون فایەق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان کە وادەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تیایدا گفتوگۆ دەکرێت بە "سپی میدیا"ی  ڕایگەیاند "وەک فراکسیۆنی گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەین پێشتریش بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم شێوازەی کاراکردنەوەی پەغرلەمان نەبووین".

سەبارەت بە گەرانەوەی یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەولێر کە دەنگۆی ئەوە هەیە پارتی ڕێگە بە گەڕانەوەی نەدات پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بێئاگایی خۆی لەو باەتە ڕاگەیاند و وتی "ئاگاداری ئەوەنیم کە لەلایەن بەرپرسانی پارتیەوە بە یوسف محەمەد وترابێت کە نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان".

سەبارەت بە پرۆژەی پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی کە لەلایەن گۆڕانەوە پێشکەش کراوە و بۆ جێبەجێکردنی پێویستی بە پەرلەمانە بێستون فایەق وتی "لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەی دیکەدا گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات" بەبێ ئەوەی وردەکاریەکەی ئاشکرابکات.

ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە هێزە عێراقییەکان لە ئۆپراسیۆنێکدا پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان کۆنترۆڵکرد و هێزەکانی پێشمەرگەش لەو ناوچانە کشانەوە و لە چەند ناوچەیەکیشدا گرژی و پێکدادان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا ڕوویدا و تا ئێستاش پەرلەمان نەیتوانیوە لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە.

بەگوێرەی بانگهێشتێکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەندامانی سبەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و چەند پرسێکی دیکە دەکات



PM:08:56:23/10/2017